کوردپرێس:
‎بەپێى راگەیەنراوێکى نووسینگەى کۆسرەت رەسوڵ، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، محەمەد تۆفیق عەلاوی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق پەیوەندیەکى تەلەفۆنى لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى و بەرژەوەندى یەکێتیەوە ئەنجامدا.
‎لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا محەمەد تۆفیق عەلاوی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە کۆسرەت ڕەسول کردو هیوای خواست یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ڕۆڵی کارای خۆی بگێڕێ. ‎
لای خۆیەوە کۆسرەت ڕەسول سوپاسی محەمەد تۆفیق عەلاوی کردو هیوای خواست سەرکەوتوو بێ لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ دووپات کردەوەو هیوای خواست بتوانێ سەرکەوتوو بێ لەکارەکەی.
‎پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق تەوەری سەرەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان کۆسرەت ڕەسوول و محەمەد تۆفیق عەلاوی بووە و هەردوولا بەوردی تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، کۆسرەت ڕەسوول پێیراگەیاندووە، کە پشتیوانی لە حکوومەتێکی کارای نیشتمانی دەکەن، کە مافە دەستووری و داراییەکانی کورد تێیدا پارێراو بێ وحکوومەتەکە لەسەر بنەمای هاوسەنگی نێوان سەرجەم پێکهاتەو نەتەوە جیاوازەکان پێکبێت و داواکاری خۆپیشاندەرانی عێراقی جێبەجێ بکا.
Your Comment