وەزیری وزەی ئەمریکا: بۆ فرۆشتنی نەوتی زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان دەبین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌ په‌راوێزی کاره‌کانی یه‌که‌م رۆژی په‌نجاوشه‌شه‌مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسروور بارزانی، سه‌رۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریکا، "دان برۆلیێت" کۆ بووه‌وه‌.

کوردپرێس:

له‌ په‌راوێزی کاره‌کانی یه‌که‌م رۆژی په‌نجاوشه‌شه‌مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسروور بارزانی، سه‌رۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریکا، "دان برۆلیێت" کۆ بووه‌وه‌.

له‌ به‌راییی کۆبوونه‌وه‌که‌دا، "برۆلیێت" له‌ لێدوانێکدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، گوتی: باس له‌ چیرۆکێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌که‌ین، که‌ چیرۆکی سه‌رکه‌وتنی ئێوه‌یه‌. هه‌رێمی کوردستان له‌ لیبیا نه‌وتی زیاتره‌ و هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ فراوانتر بکه‌ین.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، مەسروور بارزانی، سه‌رۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان گوتی: له‌ راستیدا به‌رده‌وام له‌ هه‌ماهه‌نگیداین له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیردا و ئه‌مڕۆش کۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌کانمان فراوانتر بکه‌ین.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، هه‌ریه‌ک له‌ خالد شوانی وه‌زیری هه‌رێم و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان به‌شدار بوون.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکی له‌ باره‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بڵاوکرده‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌

ڕۆژی هەینی 2020/2/14 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشنی ئەڵمانیا لە گەڵ دان برولیێت وەزیری وزەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری وزەدا کرا. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و رۆڵی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

وەزیری وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێشکەوتنی ئابووری هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان بە هۆی لێهاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و گوتی هیوادارم هەماهەنگیمان زیاتر و بەردەوام بێت.

News Code 157535

Your Comment

You are replying to: .
captcha