کوردپرێس:
ڕۆژی هەینی 2020/2/14 لە یەکەم رۆژی دەست­پێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆ بووەنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرا . سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
Your Comment