کوردپرێس:
غەریب حەسۆ هاوسەرۆکی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی- تەڤدەم لەلێدوانێکی تایبەتدا بە شارپرێسی راگەیاند"لەئێستادا یەکڕیزی ناوماڵی کورد زۆر پێویستە، چوونکە پەرتەوازەیی ساڵانێکە هیچ سوودی نەبووە، لەبەرئەوە دەبێت یەکڕیزی بەرەو پێش ببەین"..
سەبارەت بەکردنەوەی ئۆفیسەکانی ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد(ئەنەکەسە) لە کوردستانی سووریا غەریب حەسۆ وتى" هەنگاوێکی ئەرێنیە کە لە ئەنجامی دەستپێشخەرییێکی بەڕێز مەزڵووم عەبدی فەرمانداری گشتی هەسەدە دروستبوو ئەوانیش پێشوازیان لەهەنگاوەکان کرد"..
هاوسەرۆکى تەڤدەم جەختی کردەوە، ئەوان پشتگیری لەهەنگاوەکانی مەزڵووم عەبدی دەکەن و هیواشى خواست ئەنەکەش پێشوازی لەهەنگاوەکانی عەبدی بکەن، دەشڵێت، ئەگەر ئەنەکەسە هەنگاوی تر نەهاوێژن هیوای گەلی کورد بۆ یەکڕیزی لەباردەبەن.
سەبارەت بە دۆخى سووریا بەگشتى و رۆژئاواى کوردستان بەتایبەتی حەسۆ ئاماژە بەوە دەکات، هەموو جوڵە و گۆڕانکارییێک لە سووریا گرێدراوی دۆخی ڕۆژهەڵات و باکووری سووریایە کە ئایا قبوڵی بکەن یان نا، روونیشیدەکاتەوە، ئەوان لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا هەموو هەنگاوێکیان ناوە بۆ لەناوبردنی ڕۆژهەڵات و باکوری سووریا.
پەیوەست بە بارودۆخی نائارامی شاری ئیدلب، هاوسەرۆکى تەڤدەم دەڵێت، شەڕی ئیدلب شەڕێکی مەزنە و تورکیا سەرەڕۆیی زۆر دەکات پابەندی هیچ ڕێککەوتننامەیێک نابێت، وەک ئەو دەیڵێت، ئیدلب بۆ تورکیا خاڵی کۆتاییە یان تووشی شەڕێکی مەزن دەبێت یا دەبێت پاشەکشە بکات.
Your Comment