بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە ماڵپەڕی خەڵک-ی ڕاگەیاندووە دۆزینەوەی تەرمی قوربانیانی ڕێگای کۆچ لە دەریاکانی ئایۆن یان دەریای ڕەش یان دەریای سپی ناوەڕاست زۆر زەحمەتە.
ئاماژەی بەئەوەش دا، لەگەڵ ئەو زەحمەتییەشدا دەکرێت فشارەکان یەکبخرێت، بۆئەوەی تیمی دەریاوانی و ژێردەریایی سەربازی لە پڕۆسەی دۆزینەوەی قوربانییەکاندا بەکاربهێندرێن.
ناوبراو باسی لەئەوەش کرد، تاکوو ئێستا هیچ ژێردەریاییێکی سەربازی بۆ دۆزینەوەی تەرمی پەنابەران بەکارنەهاتووە، چوونکە پەنابەری نایاسایی بوون و هیچ لایەنێکیش بەفەرمی و وەک پێویست نەهاتوونەتە سەر خەت بۆ دۆزینەوەی ئەو تەرمانە.
ئاری جەلال وتیشی پێویستە لەم دۆخەدا دەوڵەت واتە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەفەرمی بێنە سەرخەت و داوای دیاری کردنی چارەنووسی ئەو پەنابەرانە بکەن.
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی ساڵی 2015ەوە تاکوو ئەمساڵی 2020، ڕێژەی کۆچی نایاسایی و ڕێژەی قوربانییەکان ڕوو لەکەمبوونە.
ئاری جەلال ئاماژەی بەئەوەش دا، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 171 کەس بێسەروشوێن بوون، کە پشکنینی DNA و زانیاری وردیان بۆ دەوڵەتانی پەیوەندیدار ناردووە، بۆئەوەی ئەگەر زانیارییێک هەبێت، ئاگاداریان بکەنەوە و چارەنووسیان دیاری بکەن.
لەماوەی ساڵانی 2015 تاکو 2020، زیاتر لە 562 هەزار پەنابەر هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە، 242 کەس گیانیان لەدەست داوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment