شاندێکی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجه‌ی 2020 گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ده‌کات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبارەی بودجه‌ی 2020 گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا ده‌کات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جیا له‌ پرسی ئیداری، هیشتا بودجه‌ی 2020ی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ نه‌نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق، له ‌کاتێکدا هه‌رێمی کوردستان به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ ڕێککه‌وتنی کردووه‌، که‌ ڕۆژانه‌ 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بدرێته‌ به‌غدا و له‌ به‌رانبه‌ردا به‌غداش شایسته‌ داراییه‌کانی کوردستان بدات، بۆ ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ ڕێککه‌وتنی سیاسی بکرێت، تا له ‌په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵ بودجه‌ی 2020ی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هه‌رله‌م بارەیە‌وه‌ جه‌مال کۆچه‌ر، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌م کاندیده‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی باشتره‌، چوونکه‌ له ‌سه‌رده‌می عه‌بدولمه‌هدی, گۆڕانکاریی جوگرافی کرا و قسه‌ی نه‌کرد، گۆڕانکاریی ئیداری کرا و قسه‌ی نه‌کرد، میلیشیا به‌هێز کرا و قسه‌ی نه‌کرد، بۆیه‌ ده‌بێ کورد ڕاشکاوانه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رۆکوه‌زیرانه ‌بکات و هێڵی گشتیی داواکارییەکانی بخاته‌ ڕوو".

جه‌مال کۆچه‌ر گوتیشی: "چه‌ند داواکارییه‌کمان له‌ به‌غدا هه‌یه‌، یه‌که‌م قه‌واره‌ی کوردستان ڕێزی لێ بگیرێت، دووه‌م، سنووری کوردستان پارێزراو بێت، سێییه‌م، مووچه‌ و بودجه‌ و ئیمتیازاتی خه‌ڵکی کوردستان بپارێزرێت, چواره‌م، پرسی یاساییه،‌ که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ قانوونی نه‌وت و گازه‌وه‌ هه‌یه و‌ گرنگه‌ به‌ ڕاشکاوانه‌ به ‌به‌غدا بڵێین ئێمه‌ نه‌وتمان هه‌یه‌ و کۆمپانیاکان له‌ کوردستانن، بۆیه‌ ده‌بێ له‌و ڕووه‌وه‌ موراعاتی کوردستان بکرێت، پێنجه‌م ده‌بێ کوردستان وه‌ک پێگه‌ی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت، نه‌ کورسی".

سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ڕایشیگه‌یاند: "ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو کە که‌س باسی کوردستان نه‌کات، ئێستا کوردستان له ‌ناوچه‌که‌دا ڕۆڵی هه‌یه‌ و ناکرێ په‌راوێز بخرێت".

جه‌مال کۆچه‌ر ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: "بڕیاره‌ شاندی سیاسیی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی عێراق گفتوگۆ لەسەر تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی 2020ی عێراق بکات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157472

Your Comment

You are replying to: .
captcha