کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 16ی ڕێبەندانی 1398 بەرانبەر بە 5ی شوباتی 2020 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی سەدەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ڕێککەوتنە جێی بایەخ نیە و پێش ئەوەی ترەمپ بمرێت ڕێککەوتنەکە جوانەمەرگ دەبێت.
ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران کرد کە بڕیارە ڕۆژی 2ی ڕەشەمەی 1398 واتا دوو هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت و لەو بارەیەوە زیادی کرد: ئەرکی هەمووانە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و ئەوەی ئێرانی خۆش دەوێت با بێتە سەر سندووقی دەنگدان.
ئایەتوڵڵا خامنەیی گوتیشی: "داوا لە هەموو ئێرانییەکان دەکەم ناکۆکیی حیزبی و لایەنی وەلا بنێن و بە ورەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. ڕەنگە کەسێک یان لایەنێک هەبێت کە تەنانەت نێوانیشی لەگەڵ من تەواو نەبێت بەڵام ئەگەر ئێرانی خۆش دەوێت پێویستە بەشداریی هەڵبژاردن بکات."
ڕێبەری باڵای ئێران دوپاتیشی کردەوە ئەوانەی کە ڕەخنە لە شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەدەن بە بێ بەڵگە قسە نەکەن. چۆنە ئەو کاتانەی هەڵبژاردن بە قازانجی لایەنەکەی ئەوان بەڕێوە دەچێت کاری ساختە نەکراوە و هەڵبژاردنەکان تەندروستن بەڵام ئەگەر بە زیانی ئەوان دەرچوو ئیدعا دەکەن هەڵبژاردنەکان ناتەندروست بەڕێوە دەچن.
شایانی باسە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە ڕۆژی 2ی ڕەشەمەی 1398 بەرانبەر بە 21ی شوباتی 2020 لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەچێت و لە هەفتەی داهاتووشەوە بانگەشەی هەڵبژاردن و کەمێنەکان دەست پێدەکەن.
Your Comment