مەسڵەحەتی کورد لە بوونی هێزەکانی ئەمەریکادا نییە/ نابێت و ناشتوانین دژی دراوسێکانمان بوەستینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتوانی کۆنەکاری کورد لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند: بوون و زیاتر بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و هەرواها کە دەگوترێت پلان داڕێژی بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی ئەمەریکی لە هەرێم بە واتای ئەمەیە کە ئێمە دەبینە دوژمنی ئێران و ئەمەش کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات و بۆمان ناکرێت و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە عێراق دەبێت ڕەتی بکاتەوە.

کوردپرێس: ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعوودیا لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی " دە هەڵمەتی ئەمەریکا لەسەر سنووری سووریا و عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران" لە ئەژماری شەممە 5ی ڕێبەندانی 1398/ 25ی جانیڤێری 2020 دا جەخت دەکاتەوە هاوکات لەگەڵ گوشارەکان بۆ تاوتوێ کردنی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەروەها گوشاری ڕووسیا بۆ تۆکمە کردنی بنکە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات لە سووریا؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ تۆکمە کردنی بوونی سەربازیی وڵاتەکەی لە سنوورەکانی عێراق و سووریا بە هۆکاری جیاوازەوە لەوان ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، هەوڵ دەدات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە پرسی بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و بەرهەم ساڵح و هەروەها ترەمپ و نێچیرڤان بارزانی بوو. بەگوێرەی ژمارەیێک لە سەرچاوەکان لەو کۆبوونەوانەدا هەندێک پێشنیار وەکوو دامەزراندنی ناوەند و بنکەی سەربازی لە نزیکیی سلێمانی، باشووری هەولێر و نزیکیی هەڵەبجە خراوەتە ڕوو، ئەم پێشنیارانە هەروەها باس لە زیاتر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان لە500 سەربازەوە بۆ 2000 سەرباز دەکات جگە لەو 5000 سەربازە ئەمریکییە کە لە عێراقدان. ژمارەیێک لە دیپلۆماتەکانیش لەمبارەوە جەخت دەکەنەوە کە ئامانج لە تۆکمە کردنی بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بەرگری کردنە لە بنکە سەربازییەکان لە بەرانبەر زیاتر بوونی هەڕەشەکاندا.

دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتوانی ناوداری کوردی عێراقی لەبارەی بڕیاری ئەمەریکا بۆ زیاتر کردنی ژمارەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: ئەمەریکا بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی و وەکوو وڵاتێک دەیەوێت لە عێراق و سووریا بمێنێتەوە و لە نەوتەکەی سووریا ئیستیفادە بکات و ئەمەش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و هیچ لە بیری بەرژەوەندیی عێراق و سووریا و وڵاتانی تر نییە؛ بەتایبەت ترەمپ کە سەرۆک کۆمارێکە غەیری مەسڵەحەتی خۆیان هیچی تری بەلاوە گرینگ نییە فکری ئەوان بۆ مانەوە هەر ئەمەیە. خەڵکی ناوچەکەش بە شێوەیێکی گشتی زۆر ڕازی نین لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا. بۆ نموونە لە کوردستانی سووریا لەناکەوت کشانەوە و هاتنەوە سەر پرسی نەوتەکە.

نوێنەری چەندین خولی پەرلەمانی عێراق زیادی کرد: ئەمەریکییەکان لە کوردستانی عێراقیش ئەڵێن ئێمە دەمانەوێت زیاتر لە ناوچەی کوردستان دەربکەوین واتا ئەگەر لە عێراق کەم بکرێن یا بکشێینەوە لە مەنتیقەی کوردستان زیاتر دەبنەوە، ئەم بابەتە خراپە بۆ کورد من باسیم کردووە و زۆر لە میدیاکانیش قسەم کردووە وتووەمە نابێت کورد مەجال بدات ئەو کارە بکەن. چوونکە ئەگەر بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە مەنتیقەی ئێمە زیاتر بوو ئێران دژی ئێمە دەبێت و ئەمەش لە مەسڵەحەتی ئێمە نییە و ناشتوانین ئەوە بکەین.

ناوبراو جەخت دەکاتەوە: هەرێمی کوردستان نابێت مەجال بدات کە هێزی ئەمەریکی لە عێراق (وەکوو شارەکانی بەغدا و ڕەمادی و ...) نەمێنێت و هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.

ئەم سیاسەتوانە کوردە عێراقیە لە درێژەدا لەبارەی ژمارەیێک ڕاپۆرت کە باس لە هەندێک پێشنیار دەکەن وەکوو دامەزراندنی ناوەند و بنکەی سەربازی لە نزیکیی سلێمانی، باشووری هەولێر و نزیکیی هەڵەبجە کە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە خراوەتە ڕوو؛ دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە ئاوڕدانەوە لە بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چ بڕیارێک بدەن وتی: بە ڕای من کورد دەبێت دژی ئەو بڕیارە بێت. ئێمە بەشێکین لە عێراق و سیاسەتی حکوومەتی بەغدا و کورد ئەبێت یەک بێت بەرامبەر ئەمەریکا و ئێران و هەر وڵاتێکی دیکە. بە تایبەتی ئێمە دەوڵەت نین و ئەو جۆرە فکرەی ئەمەریکا کە بێت و لە هەرێمی کوردستا دابنیشێت ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە دەبین بە دوژمنی ئێران کە ئەمەش کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات و ئێمە ناتوانین شتی وابکەین کە وایە سەرکردایەتیی کورد دەبێت دژی ئەو بیروباوەڕە بێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک مانگ پێش ئێستا لە کۆبوونەوەیێکی نائاساییدا بۆ بڕیاردان لەبارەی درێژەی مانەوەی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە وەکوو کاردانەوەیێک بۆ شەهید کردنی سەردار سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لە هێرشی ئەمەریکادا، دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لەو وڵاتە پەسەند کرد.

بەگوێرەی ئەم پەسەند کراوە کە لەلایەن نوێنەرە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق و بەبێ بەشداریی کورد و سوننە پەسەند کرا؛ ئیلتیزام بە حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا کە کۆتایی بە ئامادەبوونی هێزی بیانی لە عێراق بێنێت.

دکتۆر مەحموود عوسمان لەبارەی هاوڕا نەبوونی کورد و سوننە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، ڕایگەیاند: ئەو بڕیارە کە درا بە پەلەپەل درا زۆر بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرا بوو. ئەم بڕیارە کاردانەوەیێک بوو بۆ تیرۆری سەردار سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس. لەبەر ئەمەش بە ڕای من دەبوو ئەو بڕیارە بە پەلەپەل دەر نەکەن و لەگەڵ کورد و سوننە گفتوگۆیان کردبا و لەمبارەوە حکوومەت بڕیاری لێدابا.

ناوبراو وتیشی: ئێستا خەڵکی عێراق داوا دەکەن هەڵبژادرنێکی دیکە بکرێت، چوونکە حکوومەتی کاربەڕێکەری ئێستا دەسەڵاتی ئەم شتانەی نییە، ئەگەر هەڵبژادرنێکی تازە هاتە پێش ئەو کاتە دەتواننن لەگەڵ ئەمەریکا قسە بکەن و دەتوانن ئەو کاتە هەر کارێک کە پێویست بێت بیکەن؛ بەم شکڵەی کە ئێستا کرا تۆزێک سەرکەوتوو نەبوو.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157417

Your Comment

You are replying to: .
captcha