ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەمەبەستی لێکدانەوەی پرسە گرینگەکانی سووریا دیمانەیێکی لەگەڵ دکتۆر جیکۆب ئال شاپیرۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمەریکا ئەنجام داوە.
دکتۆر شاپیرۆ لەو کەسانەیە کە گرووپی تیرۆریستیی داعشی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا بە وردی لە ژێر چاودێریی خۆی داناوە و چەند وتارێکیشی لەبارەی قەیرانی سووریا و شەڕی کوردەکانی سووریە دژ بەو گرووپە تیرۆریستییە نووسیوە.
شکستی داعش
دۆناڵد ترەمپ چەندین جار ئیدیعای کردووە کە ئەمەریکا داعشی لە سەداسەد تێکشکاندووە بەڵام دکتۆر جیکۆب ئال شاپیرۆ دەڵێت: "ئەم وتەیە دوورە لە ڕاستیەوە، داعش بە تەواوی تێکنەشکێندراوە بەڵام بە تەئکید لەچاو ساڵانی ڕابردوو مەترسیی ئەم گرووپە تیرۆریستییە کەم بووەتەوە. داعش وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی ئێستاش دەتوانێت لە عێراق و سووریا هەڵمەتی تیرۆریستی ئەنجام بدات. بەم حاڵەشەوە تواناکانی لەچاو ساڵانی سەروەبەندی دامەزراندنیەوە زۆر دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
چارەنووسی ئەندامانی داعش لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا
کوردانی سووریا دەڵێن نزیک لە 12000 کەس کە گومان دەکرێت ئەندامی داعش بن لە کەمپەکانی ژێر کونترۆڵی ئەواندا لە باکووری سووریا ژیان بەسەر دەبەن و زیاتر لە 50000 لە هەوادار و ئەندامی بنەماڵەی هێزەکانی داعش لە کەمپەکانی دیکەدا لە ژێر چاودێریدان. بەرپرسانی کورد چەندین جار داوایان لە وڵاتانی بیانی کردووە کە هاووڵاتییانی خۆیان کە لە ڕێزی ئەو زیندانییانەدان وەربگرنەوە بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبیەت وەڵامی ئەو داخوازییەی بەرپرسانی کوردیان نەداوەتەوە. لەمبارەوە دکتۆر جیکۆب ئال شاپیرۆ بە کوردپرێسی وت: "ئەم کەسانە بە تەئکید دەبێت بە وڵاتانی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و هەر لە وڵاتی خۆیان دادگایی بکرێن".
ژمارەیێک لە زیندانییانی داعش هاووڵاتییانی سووریان. مامۆستای زانکۆی پرینستۆن جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت یارمەتی کوردەکان بدەن کە ئەو ئەندامانەی داعش لە خاکی سووریا دادگایی بکرێن و پڕۆسەی دادگایی کردنیان لەژێر چاودێریی وردی کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا بێت.
چارەنووسی کوردی سووریا
هێزە کوردەکانی سووریا کە لە شەڕی داعشدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە چاوەڕوان دەکەن ئەم بابەتە ببێتە هۆی شەرعیەت بەخشینی ئەوان لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا و ئەوان بتوانن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن و بە هەمووانی بسەلمێنن. بەڵام دکتۆر جیکۆب ئال شاپیرۆ بڕوای وایە لە دۆخی ئێستادا داواکارییەکەی کوردانی سووریا دانی پێدا نانرێت.
ناوبراو زیادی کرد: من وا بیر دەکەمەوە کە هێزە کوردەکانی سووریا یان YPG و ئەندامانی عەرەبی هێزەکانی سووریای دیمورکرات چاوەڕوانی ئەمەیان دەکرد کە ئەمەریکا پاش شەڕی داعش، بەرگریی لە مافی ئەوان بکات. بەم حاڵەشەوە بە چاوی خۆمان بینیمان کە دەوڵەتی ترەمپ ساڵی ڕابردوو لاناکاو کوردانی سووریای بەجێهێڵا و ناچار کوردەکان لە هەندێک شوێندا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا ڕێککەوتن.
مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمەریکا لە کۆتاییدا لەبارەی دامەزراندنی هەرێمی خۆسەر لەلایەن کوردەکانی سووریاوە وتی: بەگشتیی، من گومانم لەوەدا هەیە کە چارەسەریی قەیرانەکەی سووریا لە درێژخایەندا خۆبەڕێوەبەریی لێبوەشێتەوە. لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی خۆسەر بۆ کوردەکانیش لە سووریا دەبێت بڵێم ئەگەری یاسایی ئەمەش زۆر کەمە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment