لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بەجیا لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیێکدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەسەر برەودانی پەیوەندییەکانى نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

کوردپرێس: دوای ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە فڕۆکەیێکی تایبەت لە مۆسکۆوە گەیشتە هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى لە دەستبەکاربوونى سەرۆکوەزیرانى نوێی رووسیا کردووە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ رووسیا دووپات کردووەتەوە، هەروەها دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆمى رووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق تاوتوێکرا و جەخت کراوەتەوە لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارام کردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەکردنی عێراق بە گۆڕەپانی کێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا "تیشکیان خستەسەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاری کردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر و بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان.

جگە لە دۆخی عێراق، دۆخی سووریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسی کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سووریا و رۆڵی رووسیا لەو وڵاتە تاوتوێ کران؛ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى رووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل و دۆخى ناوچەکە بەگشتى کراون.
شاندەکەی رووسیا لە هەریەکە لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، سێرگی پێترۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی گازپرۆم نەفت، ڤادیم یاکۆڤلێڤ، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گازپرۆم نەفت، ڤیاچێسلاڤ نیکۆنۆرۆڤ، سەرۆکی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سێرگی کاراڤاێڤ، سەرۆکی پرۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئابووری، ئەمنی و سیاسی پێکهاتبوو.

هەروەها لە درێژەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەولێر کۆبوونەوە و بارودۆخی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و رووسیا و بەردەوامی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کردوە.

ئاماژەی بەوەش کراوە، "جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ، سڵاوی سەرۆک ڤڵادیمێر پووتن و سەرۆک وەزیرانی رووسیای بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندوە و بانگھێشتنامەی فەرمیی پێشکەش کرد بۆ بەشداری کردن لە فۆرومی نێودەوڵەتی ئابووری سانت پێترسبۆرگ.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا "هەردولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی ئارام بوونی دۆخی عێراق و سووریا و هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش و تیرۆر و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157352

Your Comment

You are replying to: .
captcha