بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەموو روویەکەوە خراپە، بە تایبەت بۆ کورد، چونکە تەعریب بەردەوامە و ستەمێکی زۆر لە کورد دەکرێت، هەروەها بە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعشیشەوە، دۆخی ئەمنی زۆر تێکچووە، بۆیە پێویستە هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە.
دیاری حوسێن گوتیشی، سبەی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەمان شاندی پێشووی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لە چەند ئەندامێک پێک هاتووە، لەوانە ئومێد سەباح و خالید شوانی و چەند ئەندامێکی دیکە، سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکەن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەشڵێت، راستە حکوومەتی عێراق کاربەڕێکەرە، بەڵام دادگاکان کاری خۆیان دەکەن و دەکرێ هەموو پرسەکان لە رێگەی دادگاوە یەکلا بکرێنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment