کوردپرێس:
گۆڤاری میدڵ ئیست ئای لە زاری سەرچاوە ئەمریکی و عێراقییەکانەوە نووسیویەتی لەم دوایییەدا ئەمریکا نزیک بوو هەژموونی و دەسەڵاتی خۆی لە عێراق لەدەست بدات هەر بۆیەش لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هەوڵی داوە هەرێمێکی سوننە لە عێراق دابمەزرێنێت ئەوەش وەک ڕەدفێعلێک بەرانبەر بەو گوشارانەی لایەنە شیعەکان خستوویانەتە سەر واشەنتن بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە عێراق.
بەگوێرەی نووسراوی گۆڤارەکە پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی سوننە لە عێراق مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 ئەو کاتەی کە جۆبایدن پاڵێوراوی ئێستا دیموکراتییەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە لەو کاتەدا پێشنیازی ئەم پڕۆژەیەی کردبوو.
بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی بە میدڵ ئیست ئای وتووە دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە لە عێراق بەردەوام یەک لە بەرنامەکانی ئەمریکا بووە چوونکە ئەمریکا هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات کە دەستی بە دەریای ناوەڕاست بگات یان خود خاکێک بەکار بهێنێت کە لەگەڵ حیزبوڵڵا دەیانکاتە یەک.
بەرپرسێکی شیعەی عێراقی بە میدڵ ئیست ئای وتووە هەوڵەکان بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق، وای کرد پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی سوننە لە عێراق ببووژێتەوە و ئێستا چیتر سەروەری و زەروورەتی پاراستنی یەکپارچەییی عێراق، ئەولەویاتی کاری ئەمریکییەکان نیە و ئەگەر هەبوونی ئەمریکا لە عێراق بکەوێتە مەترسییەوە ئەوا واشەنتن بە جید کار لە سەر پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی سوننە چڕ دەکاتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری پڕۆژەکەیە وتوویەتی ئەمریکا ئەم پڕۆژەیەی خستۆتە سەر مێز و هەڵبەت دیارە پڕۆژەکە بەردەوام یەک لە بژاردەکانی ئەمریکا بووە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتوویەتی: "ئەمە پڕۆژەی ئەمریکییەکانە نەک پڕۆژەی سونییەکان. هەبوونی ئەمریکا لە عێراق بۆتە گەرەنتی و زامنی سونە و کورد بووە. هەر بۆیەش ئەگەر ئەمریکا ناچار بکرێت عێراق چۆڵ بکات ئەوا پێکهێنانی هەرێمێکی سونە دەکات بە زامنێک بۆ ڕێگری کردن لە نفووزی زیاتری ئێران. ئێمە لەبارەی وڵاتێکی سەربەخۆ قسە دەکەین. ئەمە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر نابێت بەڵکوو وڵاتێکی سەربەخۆ دەبێت."
نوێنەرە سوننەکانی پەرلەمانی عێراق بە میدڵ ئیست ئایان وتووە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییەی عێراق ئەوانی هان داوە کە بیر لە بژاردەکانی دیکە بکەنەوە کە یەک لە بژاردەکان پێکهێنانی هەرێمی خۆسەر سونەیە. سەرچاوەکان بەو گۆڤارەیان وتووە نوێنەرە سوننەکان پاش بایکۆت کردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان کە تێیدا یاسای دەرکردنی هێزەبیانییەکان و بەتایبەت ئەمریکییەکان پەسەند کرا سەردانی هەولێر و ئەممان پێتەختی هەرێمی کوردستان و پێتەختی ئوردنیان کرد و لەگەڵ ئەمریکییەکان لەبارەی بژاردەکانی بەردەست ڕاگۆڕینەوەیان کرد. هەروەهاش دەیڤید شنکەر یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاستەوخۆ گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دیداری کرد. پاشان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دیداری کرد. حەلبوسی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شنکەر چەند دیداریشی لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی و سەرکردە بەرجستە سوننەکان ئەنجام دا.
نوێنەرێکی سوننە کە بەشداریی دانیشتنەکانی ئیماراتی کردووە وتوویەتی: "ئایدیای دامەزراندنی هەرێمی سونە دەنگی ئێمەی لەسەر نەبووە. ئێمە بیر لە جیابوونەوە و دابڕان ناکەینەوە."
Your Comment