کوردپرێس: سەرۆک کۆماری عێراق لەکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی کردەوە: لەگەڵ ئەمریکا کاری زۆریان هەیە، بەڵام سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق کاری لە پێشینەیانە.
دۆناڵد ترەمپ لەمیانی کۆبونەوەکەدا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق کاری زۆر پێکەوە دەکەین، لەبواری سەربازیدا پێکەوە کاردەکەین، سەبارەت بە داعش پێکەوە کار دەکەین و بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە نێوان هەردوولا".
سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆک کۆماری عێراق-ی وت: "ئێمە هاوڕێی یەکترین و دەمەوێت سوپاست بکەن".
بەرهەم ساڵح رایگەیاند: "دەرفەتێکی گرنگە و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دەکەین، بۆ قسەکردن لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە، ئاڵنگارییەکی زۆر لەئێستادا هەیە، بەهیوای ئەوەین گفتوگۆکەمان بەرهەمداربێت، ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە شەڕی داعشدا".
سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویست دەکات رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوامی پێبدرێت و کۆتایی پێبهێنرێت، من هەمان بۆچوونم هەیە کە پێویستە عێراق خاکێکی سەربەخۆ و سەقامگیری هەبێت".
پاشان بەرهەم ساڵح باسی لەوەکرد، "بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئەمریکا، رووبەڕووبوونەوەی داعش، سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق کاری لە پێشینەمانە".
ترەمپ جارێکی دیکە تەئکیدی کردەوە، "زۆر بابەت هەیە دەبێت قسەی لەسەر بکەین بەناوی ئیدارەی خۆمەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق زۆر باشە، ئێستا ژمارەی سەربازەکانمان بۆ پێنج هەزار سەرباز لە عێراق کەم بووەتەوە کە ژمارەیەکی مێژویی زۆر کەمە".
سەبارەت بە بازرگانییەکانی نەوت ترەمپ وتی: "بابەتی بازرگانی نەوت یەکێکە لە کارە گرنگەکان، هەم بۆ عێراق گرنگە هەم بۆ ئەمریکا، لەبەر ئەوە زۆر بابەتی ئەرێنی هەیە کە قسەی لەسەر بکەین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment