بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دووبارە هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی بە دەست، رایگەیاند: "سکرتێری گشتیی متمانەی تەواوی بەوە هەیە کە عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی بەتەواوی بەپێی دەستوور و بە گونجاندن لەگەڵ یاسا پەیوەندیدارەکان و هەروەها ئەو پرۆسەیە کە لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکانی عێراق دانراوە، بەڕێوە ببات".
ستیفان دووژاریک گوتیشی: "نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە راوێژپێدان و هاوکاری کردنی عێراق، ئەوەش بەگونجاندن لەگەڵ راسپاردەکە، مەبەستم ئەوەیە، کە خۆت دەزانی لە هەر وڵاتێک هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پرۆسەیێک هەیە بۆ تانەلێدان و هەژمارکردنەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لەوەی هەر پرۆسەیێک کە گیراوەتەبەر بەپێی دەستوور و یاساکان بوووە".
پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی 12-5-2018ی پەرلەمانی عێراق بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بوو، ژمارەیێک لایەنی کوردستانی و عێراقی گومانیان لە ئەنجامەکان هەیە و دەڵێن لە هەڵبژاردنەکەدا لە ڕێگەی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەوە ساختەکاری کراوە.
لە هەرێمی کوردستان لایەنەکانی گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو و کۆمەڵ- کە کورسیان بەدەست هێناوە- ئەنجامەکان رەت دەکەنەوە و دەڵێن: دەنگەکانیان بۆ چەند لایەنێکی دیکە هەژمار کراوە.
سهرچاوه: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment