بهپێی ههواڵی کوردپرێس، پێشتر پارتی و یەکێتی رایانگەیاندوووە لەگەڵ ئەوەدان کورد بە یەکڕیزی بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەڵێن پێکهێنانی فرکسیۆنێک بۆ ئەو چوار لایەنە، یەکێکە لە ئەگەرەکان و لە کۆبوونەوەکاندا باسیان کردوووە.
رێبوار حەمەد، گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند: کۆمەڵی ئیسلامی و سێ حیزبە ناڕازییەکەی دیکە چاوەڕوانی هاتنەوەی ئەنجامی سکاڵاکانن، تاوەکو ئەنجامی سکاڵاکان نەگەڕێتەوە، یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراق جێبەجێ نەکرێت، هیچ گفتوگۆیێک بۆ بەشداری کردن لە حکوومەت و پەرلەمانی داهاتوو ئەنجام نادەن.
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی هەروەها دەڵێ "پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بۆ شاردنەوەی ساختەکارییەکان، هاوپەیمانی ببەستن".
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندبوو کە ئەو هاوبەشییەی ئێستا لە هەڵوێستەكاندا لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دروست بۆتەوە گرنگە، "بەڵام هەروەک پێشتریش گوتوومانە، دەبێت لیستە براوەكان لە هەرێمی كوردستان پێكەوە دابنیشین و كارنامەیێكی هاوبەشمان هەبێت بۆ دانووستاندن لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق".
خەسرەو گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، رایگەیاند: لەو بڕوایەدا نیم چوار لایەنەکە بیانەوێت فراکسیۆنێکی یەکگرتوومان هەبێت لە بەغدا و جیاکردنەوەی فراکسیۆن لەلایەن چوار حیزبەکەوە، هیچ سوودێکی حیزبی و نەتەوەیی نییە، بەڵکوو زیانی گەورە لە یەکڕیزی کورد دەدات لە بەغدا.
رۆژی 12ی مانگی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، بەڵام لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکی کەوتۆتە نێوان لایەنەکان و چوار لایەنە نارازییەکەی هەرێمی کوردستان پێیان وایە ساختەکاری کراوە بەهۆی ئەوەی پێکەوە 11 کورسییان بەدەست هێناوە.
سهرچاوه: رووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment