بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕووپاک ئەحمەد، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبووک نووسیویەتی "هەردوو حزبی سیاسی یەکێتی و پارتی کاتێک بیانەوی خەڵک چەواشە بکەن هەرجارە و بەجۆرێک سیناریۆیێک دروست دەکەن و خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن."
ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو "پەسەند کردنی یاسای بوودجە لە پەرلەمانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد هیچ دەستکەوتێکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نەبوو، پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئەو شکستەی خۆیان پەردەپۆش بکەن، هەڵساون بە چەواشەکردنی خەڵک کە گوایە نێوانی پارتی و یەکێتی خراپە."
هەروەها ڕووپاک ئەحمەد وتووشیەتی: "وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان وەزیرێکی پارتی کە وەزیری شارەوانیە و جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی هەبووە، بەجۆرێک خەڵک چەواشە دەکەن کە قوباد تاڵەبانی زەوی دابەش دەکات لەوەڵامدا وەزیری شارەوانی دەڵێت ئەمە یاسا شکێنییە."
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ "ئەم وەڵام و وەڵامکارییە وای کردووە کە ڕۆژێکی سۆشیال میدیا بەڕێ بکەن بە سەرقاڵ کردنی خەڵک، کەچی لە ئەسڵدا پارتی و یەکێتی هیچ عەیبێکیان نییە و لەنێوان خۆیان ڕێککەوتوون کە بەردەوام بن لە دزی و بەهەدەردانی پارەی ئەم میللەتە و دابەش کردنی لەنێوان خۆیان و لەسەر قوتی خەڵک بژین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment