نێچیرڤان بارزانی پشتگیری بۆ دەستپێشخەرییەكەی عەبادی رادەگەیەنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پشتگیریی هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییێک دەكەن، كە هەوڵی دەربازبوون لەو قەیرانە و رزگاركردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەدات.

کوردپرێس:

نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکدا وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی عەبادیی دایەوە و ڕایگەیاند: "ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی عەبادی هاوپەیمانییێكی فراوان دادەمەزرێنێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا ، ئەوە پێشوازیی لێكراوە".

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی راگەیاند پارتی‌و گەلی كوردستان هەوڵی دەرچوون لەو قەیرانە دەدەن، كە هەڕەشە لە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات‌و پشتگیری پارتەكەشی دەربڕی بۆ دەستپێشخەرییەكان لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق.

هەروەها رایگەیاند "پارتی پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ هەوڵی دەرچوون لەو حاڵەتە سیاسییە ناسەقامگیرە لە عێراق و گەڕانەوە بۆ كاركردن لەسەر بنەمای دەستوور و كاركردن بە یاسا ، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

جێگری سەرۆكی پارتی باسی لەوەش كردووە، ئەوان چاویان لەوەیە بۆ ئەم مەبەستە دوای كۆتاییهاتنی پشووی جەژن گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانە لە بەغدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێبكرێت لەپێناو ئەو ئامانجە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و سەرۆكی لیستی نەسر، شەوی رابردوو دەستپێشخەرییێكی خستە ڕوو، بۆ ئەوەی لەدوای جەژن گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەری ئەو كێشە و قەیرانانەی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان رووی لە عێراق كردووە.

News Code 15604

Your Comment

You are replying to: .
captcha