هەدەپە ئەو وتانەى ئەردۆغانى بە بانگەشەیێکى ئاشکرا بۆ ساختەکاری و هاندان بۆ توندوتیژى دژى کاندیدەکانیان ناوبرد.
بهپێی ههواڵی کوردپرێس، بڵاوبوونەوەى گرتەیێکى ڤیدیۆیى ئەردۆغان کە داوا لە بەشێک لە بەرپرسانى حزبەکەى دەکات، هەرچییان کردوووە نابێت ڕێگە بدەن هەدەپە بگاتەوە پەرلەمانى تورکیا، نیگەرانى و کاردانەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆیى ئەو وڵاتە لێکەوتەوە.
ئەردۆغان لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا باس لەوە دەکات، ئەوەى کە دەیڵێت دەبێت بە نهێنى لە نێوانیاندا بمێنێتەوە، دەشڵێت: پێویستە هاوڕێکانیان لە ئەکەپە لە پارێزگاکانى باشوورى خۆرهەڵاتى تورکیا، واتە شارەکانى تورکیا، کۆششێکى جیاواز بکەن و هەر ڕێوشوێنێک پێویستە بیگرنە بەر تا هەدەپە نەگاتەوە پەرلەمان.
هەدەپە ئەو وتەیەى ئەردۆغانى بە بانگەشەیێکى ئاشکرا بۆ ساختەکاریى و هاندان بۆ توندوتیژى دژى کاندیدەکانیان ناوبرد.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەردۆغان داوا لە بەرپرسانى حزبەکەى دەکات، بە لیستى ناوى کاندیدەکانى هەدەپەدا بچنەوە و ڕێگەى پێویست بدۆزنەوە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵیاندا.
لەبەرانبەریشدا هەدەپە ئەو قسانەى بە هاندان و تاوانکاریی دژى کاندیدەکان و دەنگدەرەکانى ناوبرد، بە ترساندنیان یان ڕێگری کردن لە چوونیان بۆ دەنگدان لە ڕۆژى هەلبژاردندا.
جگە لە هەدەپە چەند لایەنێکى دیکەى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا وتەکانى ئەردۆغانیان بە جۆرێک لێکدایەوە کە پارتەکەى دەیەوێت پەنا بۆ فێڵ و بەرتیل و تۆقاندن ببات تا کاریگەریى لەسەر ئەنجامى هەلبژاردن دروست بکات.
ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەى ٢٤ى مانگدا هەدەپە نەیتوانى ڕێژەى لەسەدا ١٠ى دەنگى دەنگدەران کۆ بکاتەوە، ئەوا ناتوانێت بچێتە پەرلەمان و هەموو دەنگ و کورسییەکانى دەچێت بۆ پارتە براوەکان.
بە پێى ئەو ڕاپرسیانەش کە کراون، ئەگەر هەدەپە توانى بگاتەوە پەرلەمان، ئەگەر هەیە ئەردۆغان و هاوپەیمانێتییەکەى زۆرینەى پەرلەمانی لەدەست بدەن.
سهرچاوه: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment