فازڵ میرانی: یه‌كڕیزیى كورد له‌ به‌غدا زۆر گرینگه‌ بۆ به‌رگری كردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سكرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ پێشوازیی کونسووڵی گشتیی به‌ریتانیادا له‌ هه‌رێمی کوردستان باسی ڕه‌وشی عێراق و هه‌رێمی کوردستانی کرد و ڕای‌گه‌یاند به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌ کابینه‌ی نوێی عێراقدا به‌ گرینگ ده‌زانن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یران له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازى له‌ مارتن وار كۆنسووڵى گشتیى شانشینى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان و و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

فازڵ میرانى وێڕاى به‌خێرهێنانى شاندى میوان دواپێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و كاردانه‌وه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق و لێكه‌وته‌كانى دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كانی باس كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر سه‌ردانى شاندى پارتى بۆ به‌غدا و چاوپێكه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ئاڵوگۆڕكردنى بیروڕا له‌سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێی عێراق.

دواتر سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى باسى بڕیارى نایاسایى و ناده‌ستووریى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقی كرد كه‌ مشتومڕێكى زۆرى لێ كه‌وته‌وه‌ و ته‌ئكیدى كرد: "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ هه‌رێمى كوردستان و زه‌وتكردنى مافى ده‌نگده‌ران نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ و پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووره‌ و ئێمه‌ش تێبینیی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌داى كۆمیسیۆن و به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌ستكاریى ئه‌نجامه‌كانمان هه‌یه‌."

فازڵ میرانى ته‌ئكیدى كرد: یه‌كڕیزیى كورد له‌ به‌غدا زۆر گرینگ و پێوسته‌ بۆ به‌رگری كردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان و ئاماژه‌ى به‌ هه‌ڵوێستى هاوبه‌شى پارتى و یه‌کێتی كرد و هیواى خواست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى‌تریش بگه‌نه‌ لێكتێگه‌شتنێک بۆ به‌شداریى كاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانمان و پێداگری كردن له‌ مافه‌كانى كورد له‌ به‌غدا و ئومێده‌وارن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانیان به ‌سه‌ر خاڵه‌ ناكۆكه‌كانیاندا زاڵ بێت و پێكه‌وه‌ به‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسارێتى به‌شدارى له‌ حكوومه‌تى نوێى عێراقدا بكه‌ن.

دواتر سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا: له‌ لاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور وه‌ک یه‌ک پاكێج و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پره‌نسیپه‌كانى ته‌وافوق و هاوسه‌نگى و به‌شداریى هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌لایانه‌وه‌ گرینگه‌.

مارتن واریش سوپاسى مه‌كته‌بى سیاسى كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ و هیواى خواست ته‌واوى كێشه‌ و گرفته‌كان به‌ لۆژیكى لێكتێگه‌یشتن چاره‌ بكرێن و كورد به‌شداریى كارا و به‌هێزى له‌ حكوومه‌تى داهاتووى عێراقدا هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌: Kurdistan TV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15573

Your Comment

You are replying to: .
captcha