قەیرانی کەمئاوی کێشەی گەورەی بۆ لێقۆماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان دروست کردووە

بەشی ڕاپۆرت- کەمئاوی لە ناوچەی لێقۆماوی سەرپێڵزەهاوی کرماشان لە وەرزی گەرمادا بۆتە قەیرانێکی گەورە بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچە کوردنشینە و هۆکارەکەشی بڕانەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ کردنەوەی ماڵە ڕووخاوەکانی پاش بوومەلەرزەیە.

کوردپرێس:

ڕۆژی 12ی تشرینی دووهەمی 2017 لە ناوچەی سەرپێڵزەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان بوومەلەرزەیێک بە گوڕی 7.3 بەپێی پلەی ڕیختەر ڕووی دا و بەو هۆیەشەوە بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی هەزار هاووڵاتیی کوردی ناوچەکە گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش بریندار بوون و سەرچاوە نافەرمییەکان باسی دەیانگوت ئامارەکە زۆر لەوە زیاترە کە بە فەرمی ڕاگەیێندراوە.

هەر پێش ئەوەی بوولەرزەکەش ڕوو بدات ناوچەی کوردنشینی سەرپێڵزەهاو کێشەی ئاوی هەبوو. ژێرخانی گەیاندنی ئاو و هێڵی بۆریی ئاوی ناوچەکە کۆن و داڕزاو بوو و لەبەر کەمئاوی و شکانی بۆرییەکان ناوبەناو ئاوی خواردنەوە دەگەیشتە ماڵی هاووڵاتییان.

بوومەلەرزە بەهێزەکەی سەرپێڵزەهاو کێشەی ئاوی خواردنەوەی زیاتر کردووە و زیانی زۆری گەیاند بە ژێرخانی گەیاندنی ئاو لەو ناوچە کوردنشینە. نەخوازەڵا کە بە هەڕەمەکی ئاوی خواردنەوە بەبێ حسابات بەکار دەهێنرێت بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و نوێ کردنەوەی خانووە ڕووخاوەکان لە شار و گوندەکانی سەرپێڵزەهاو.

قەیرانەکە لەو گوندانەدا زیاتر خۆ دەردەخات کە دەکەونە خوارووی تۆڕی گەیاندنی ئاو لە ناوچەکە.

قایمقامی شاری سەرپێڵزەهاویش قەیرانی کەمئاوی بە کێشەی هەرە گەورەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دەزانێت و دەڵێت بڕانەوەی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی بۆ ماڵ کردنەوە کێشەی کورتهێنانی ئاوی زیاتر کردووە.

محەبەت جەماڵی نیا قایمقامی شاری سەرپێڵزەهاو لەو بارەیەوە دەشڵێت ئێستاکە هەوا گەرمتر بووە و کردنەوەی ماڵە ڕووخاوەکانیش ئاوی زیاتر دەبڕێنێتەوە و ژێرخانی تۆڕی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵی هاووڵاتییانیش کۆن و داڕزاوە و ناوبەناو بۆریی ئاوەکان دەشکێت و ئەمانە کۆمەڵێک گرفتی قووڵن کە بوونەتە هۆی کێشەی کورتهێنانی ئاو.

ئەوەی ڕوونە بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە بۆ کاروباری بیناسازی قەیرانەکە زیاتر دەکات و لەم نێوانەشدا ئەرکی سەرشانی "ڕێکخراوی خانووبەرە" و دامودەزگای پێوەندیدارە کە ئاوی پێویست بۆ بیناسازی لە ناوچەکەدا دابین بکات لە بەر ئەوەی هاووڵاتییانی لێقۆماو بۆ کردنەوەی ماڵە ڕووخاوەکان ئاوی خواردنەوە بەکار نەهێنن.

پارێزگاری کرماشان هووشەنگ بازوەندیش لە میانی سەردانکردنی بۆ ناوچەی لێقۆماوی سەرپێڵزەهاو و بەسەر کردنەوەی ڕەوتی بیناسازی لە ماڵە ڕووخاوەکاندا جەختی کردبووەوە کە ئاو خواردنەوە بۆ بیناسازی بەکار نەهێنرێت.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاو و زێراوی سەرپێڵزەهاو حیشمەت ئەحمەدی وتوویەتی زیاتر لە سەدا 70ی هێڵی بۆریی گەیاندنی ئاو لە ناوچەکەدا داڕزاوە و پێویستی بە نوێ کردنەوە هەیە و ئەوەش پێویستی بە 57 ملیار تمەن بودجەیە.

سەرپێڵزەهاو کەوتۆتە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و زیاتر لە 90 هەزار کەس حەشیمەت لە خۆ دەگرێت و 8 ناحیە و 226 گوندی هەیە و زیاتر لە 11 هەزار بنەماڵە لە ئیمتیازی ئاوی خواردنەوەی نێوماڵ بەهرەمەندن.

بەشی کوردیی کوردپرێس لە ئاژانسی ئیرنای فارسیی وەرگرتووە

News Code 15540

Your Comment

You are replying to: .
captcha