هاوسەرۆکی هەدەپە: ٢٤ی حوزەیران بە پارتەکەی ئەردۆغان دەڵێین خوداحافیز

به‌شی تورکیا- پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە ڕای‌گەیاند: "ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران کۆتایی بە ماوەی حکوومەتی ئاکەپە پارتەکەی ئەردۆغان دێت، ئێمە بە ئاکەپە دەڵێین خوداحافیز".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە دوێنێ لە کاتی بانگەشە بۆ پارتەکەی لە شاری پرسوس ڕای‌گەیاند: "ماوەی دوو ڕۆژە ئەردۆغان لە مەیدانەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسى گەڕانەوە و جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان دەکات، ئەم وڵاتە زۆر سێدارەی بینی. ئەم وڵاتە بینیی کە چۆن چالاکوانی کورد و خەڵکی بێتاوان لە سێدارە دران، بەڵام ئەوە شەرم بوو بۆ تورکیا حکوومەتی ئاکەپە ئێستا بە هەمان عەقڵیەتەوە پرسی سێدارە دەهێنێتەوە ئاراوە و دەیکاتە کارنامەی خۆی"

ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "ئێمە بانگ لە هەموو کوردان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە بە خۆیان دەڵێن مرۆڤ، کە لە بەرامبەر حکوومەتەکەی ئاکەپەدا ڕاپەڕن. سزای سێدارەش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین تاوان لە دژی مرۆڤایەتیی ببێتە یاسا و ئەنجام بدرێن".

ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەگەرچی ئێش و ئازاری قورس لەم وڵاتەدا هەن، بەڵام ئاکەپە سیاسەتی خۆی بە کولاندنەوەی ئەو ئێش و ئازارانە بەردەوامی پێدەدات.

وابریارە ٢٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتیی تورکیا بەڕێوە بچێت هەدەپەش سەرەتاى مانگی ڕابردوو سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووى حزبەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتىی تورکیا کاندید کرد، ڕۆژى ١٥ى مانگی ڕابردووش لە زیندانەوە دەمیرتاش کارنامەى خۆى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتىی داهاتووى ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد.

سه‌رچاوه‌: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15518

Your Comment

You are replying to: .
captcha