ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئیزنی بدابا ده‌میرتاشم له‌ سێداره‌ ده‌دا

به‌شی تورکیا- ئه‌ردۆغان ده‌میرتاش به‌ تیرۆریستێک وه‌سف ده‌کات که‌ ده‌بێ به‌په‌له‌ دادگه‌یی بکرێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکات له‌سێداره‌ بدرێت و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئیزنی بدابا تاکوو ئێستا ده‌میرتاشم له‌ سێداره‌ ده‌دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا ڕای‌گه‌یاند: سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) و کاندیدی ئه‌و حیزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار تیرۆریسته‌ که‌ ده‌بێ هه‌رچی زووتر‌ دادگه‌یی بکرێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکات له‌سێداره‌ بدرێت.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 11ی حوزه‌یران ده‌میرتاش له‌ ڕێگای توویتێکه‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن هاوکارییانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌کرێت وه‌ڵامی لێدوانه‌که‌ی ئه‌ردۆغانی دایه‌وه‌ و وتی: "ئه‌گه‌ر پێویست بکات هه‌زاران جار گیانم فیدای خه‌ڵک ده‌که‌م."

هه‌ندێک تۆمه‌ت خراوه‌ته‌ پاڵ ده‌میرتاش له‌وانه‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و یارمه‌تی و بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ که‌ ده‌میرتاش چه‌ندین جار ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و به‌و بۆنه‌وه‌ وێ‌ده‌چێت حوکمی 142 زیندانی بۆ ده‌ربچێت.

ئه‌ردۆغان ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ گردبوونه‌وه‌یێکی هه‌ڵبژاردندا ڕای‌گه‌یاند: "ده‌میرتاش -که‌ پێشتر پارێزه‌ری مافی مرۆڤ بوووه‌- به‌رپرسی قه‌تڵوعامی که‌سانێکی زۆره‌. من هیچ گرینگی به‌و که‌سانه‌ ناده‌م که‌ داوای ئازادیی ده‌میرتاش له‌ زیندان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان داوای ئازادکردنی ده‌میرتاش ده‌که‌ن ده‌بێ داوا له‌ بنه‌ماڵانه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ بکه‌ن که‌ ده‌میرتاش ئه‌وانی کوشتوووه‌. ده‌بێ به‌په‌له‌ ده‌میرتاش دادگه‌یی بکرێت."

له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌دا خه‌ڵک دروشمیان هه‌ڵده‌دا "له‌سێداره‌، له‌سێداره‌" و ئه‌ردۆغان له‌ وه‌ڵامدا گوتی: "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئیزنی بدابا من تاکوو ئێستا داوای ئێوه‌م جێبه‌جێ ده‌کرد."

ده‌میرتاشیش کاردانه‌وه‌ی به‌و لێدوانه‌ی ئه‌ردۆغان نیشان دا و له‌ توویتێکدا نووسیی: "ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بێته‌ سه‌رۆک کۆمار من له‌سێداره‌ ده‌دات. ده‌توانن بیری لێ بکه‌نه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنی کاندیدێکی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری 2018یه‌. من هه‌زاران جار گیانم فیدای خه‌ڵک ده‌که‌م و ته‌نانه‌ت یه‌ک هه‌نگاویش پاشه‌کشێ ناکه‌م."

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی- شرۆڤه‌ییی ڕیجن

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15491

Your Comment

You are replying to: .
captcha