وته‌بێژی عه‌بادی: فراوان بوونی ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا قبووڵ ناكه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومه‌تی عێراق ڕه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ فراوان بوونی ئه‌و ئۆپراسیۆنانه‌ بدات كه‌ توركیا به‌ پاساوی بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: حكوومه‌تی عێراق ڕێگه ‌نادات به‌وه‌ی توركیا بێته‌ نێو قووڵاییی خاكی عێراق و سروشت و سنووری ئۆپراسیۆنه‌كانی فراوان بكات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ سنوورییه‌كان چوونكه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی پێشێل كردنی سه‌روه‌ریی عێراق.

حه‌دیسی وتیشی: به ‌بێ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی عێراق ڕێگه‌ ناده‌ین به‌وه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا جیاواز بن له‌وه‌ی نزیكه‌ی 40 ساڵه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات و بوونی هه‌ر خواستێكی توركیا بۆ فراوان كردنی ئۆپراسیۆنه‌كان ده‌بێت به‌ ڕه‌زامه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا.

ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو كه‌ "عێراق ئاماده‌یه‌ له‌پێناو پاراستنی سنووره‌ هاوبه‌شه‌كان و ناوچه‌ سنوورییه‌كاندا هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و له ‌نێویشیاندا توركیا بكات."

سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی نووسینگه‌ی عه‌بادی ڕاشی‌گه‌یاند: حكوومه‌تی عێراق له‌پێناو پاراستنی سه‌روه‌ریی خۆی و ڕێگرتن له‌ پێشێلكاریدا هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر كه‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دایانناوه‌.

هاوكات حه‌دیسی دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ عێراق ڕێگه‌ نادات به‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌ كار بهێندرێت.

سه‌رچاوه‌: میلله‌ت پرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15467

Your Comment

You are replying to: .
captcha