به‌ تۆمه‌تی سووتاندنی کۆگای سندۆقی هه‌ڵبژاردن دادگای ڕه‌سافه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیر کردنی ٤ که‌سی ده‌رکرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌سافه‌ بڕیاری دا ٤ که‌س ده‌ستگیر بکات به‌ تۆمه‌تی سووتاندنی کۆگای کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ به‌ری ڕه‌سافه‌ی به‌غدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 11ی حوزه‌یران عه‌بدولستار به‌یره‌قدار وته‌بیژی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ ئه‌و ٤ که‌سه‌ی فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رکراوه‌ سێ که‌سیان له‌ کارمه‌ندانی پۆلیسن و که‌سێکی دیکه‌شیان کارمه‌ندی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری هۆشدارییه‌کانی خۆی دووپات کرده‌وه‌ له‌ دژی هه‌ر که‌سێک که‌ بیه‌وێت یاری به‌ به‌ڵگه‌نامه‌کانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات چوونکه‌ خۆی ڕووبه‌ڕووی قورسترین سزا ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ 11ی حوزه‌یران محه‌مه‌د نووری عه‌بد ڕه‌به‌ جێگری سه‌رۆکی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاشکرای کرد سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مان میوانداری سه‌رۆکی حکوومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆی عێراق ده‌کات بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ڕووداوی سووتانی سندوقه‌کانی ده‌نگدان.

ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یران حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی کرد به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئۆپراسیۆنه‌کان له‌ پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئه‌منی توند و تۆڵ له ‌به‌رده‌م کۆگاکانی کۆمیسیۆن بگرنه‌به‌ر و ژماره‌ی هێزی ئه‌و شوێنانه‌ زیاد بکه‌ن.

شایانی باسه‌؛ به‌ر له‌وه‌ی پرۆسه‌ی بژاردنی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان ده‌ست پێبکات دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یران ئاگر له‌ یه‌کێک له‌ کۆگاکانی سندوقه‌کانی ده‌نگدانی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژادنه‌کان له‌ ناوچه‌ی ڕه‌سافه‌ له‌ نزیک شه‌قامی فه‌له‌ستین له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا که‌وته‌وه‌ و لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غداش ڕای‌گه‌یاند به‌شێک له‌ سندوقه‌کان به‌ ته‌واوی سووتاون.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15449

Your Comment

You are replying to: .
captcha