دیاری کردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و ده‌بێ په‌رله‌مان لێپێچینه‌وه‌ له‌ کۆمیسیۆن بکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی بۆ کۆمیسیۆن دیاری کرد و کۆمیسیۆنیش هیچ کاردانه‌وه‌یێکی نه‌بوو‌ و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی له ‌په‌رله‌مانی كوردستانیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ده‌بوایه‌ كۆمیسیۆن وه‌ڵامی سه‌رۆكی حكوومه‌تی بدایه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان لێپێچینه‌وه‌ له‌ كۆمیسیۆن بكات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، كاتێک نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كۆمیسیۆنی ڕاسپارد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ‌30ی 9ی 2018 كۆمیسیۆن هیچ كاردانه‌وه‌یێكی نه‌بوووه ‌و به ‌بڕیاره‌كه‌ ڕازی بوووه‌ له ‌كاتێكدا به‌پێی یاسا ده‌بێت هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ بكرێت.

ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: به‌پێی مادده‌ی چوار له‌ یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2005 ده‌بێت هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ بكرێت بۆیه‌ نووسراوه‌كه‌ی بارزانی كه‌ ناردوویه‌تی بۆ كۆمیسیۆن و ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی دیاری كردوووه‌ پێچه‌وانه ‌و پێشێل كردنی یاسایه‌.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم كێشه‌ی یاسایی بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دروست ده‌كات چوونكه‌ دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌ سه‌ر هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری تاوه‌كوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كرێت له ‌خولی داهاتووی په‌رله‌ماندا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی یاسایی ده‌بینه‌وه ‌و ناتوانرێت هیچ یاسایێک ده‌ربكرێت."

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی یاسایی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆن بكات بۆچی وه‌ڵامی سه‌رۆكی حكوومه‌تیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ كاتێک ته‌نیا ڕاسپارده‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كردوووه‌."

ته‌لار له‌تیف ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌نجامدانی هه‌ر سێ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له یه‌ک كاتدا كارێكی باشه‌ له ‌ڕووی كارگێڕی و دارایییه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمیسیۆن بتوانێت پێكه‌وه‌ ئه‌و سێ هه‌ڵبژاردنه‌ بكات."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15435

Your Comment

You are replying to: .
captcha