لە 2017وە لە عێراق و سووریاوە داعش دەگوازرێتەوە بەرەو ئەفغانستان و پاکستان

بەشی ڕاپۆرت- پێشتر دەنگۆی گواستنەوەی داعش لە عێراق و سووریاوە بەرەو ئەفغانستان و پاکستان بڵاو کرابوویەوە بەڵام هیچ ناوەند یان لایەنێکی فەرمی پشتڕاستی نەکردبووەوە. ئەمجارەیان دەزگای هەواڵگریی چین و ڕووسیا پشتڕاستیان کردۆتەوە.

کوردپرێس:

ئاندرەی ئافانسایف نووسەری ڕاپۆرتێکە لە میدیای ئازادی ڕۆژئاوا کە لە ڕاپۆرتەکەیدا وتوویەتی زانیارییەکانی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی چین و ڕووسیا و ئەفغانستانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و دەیسەلمێنێت کە لە ساڵی 2017وە دەست کراوە بە گواستنەوەی داعش لە عێراق و سووریاوە بەرەوە ئەفغانستان و پاکستان و دەوترێت تەرکیز لە سەر ئەفغانستان کراوە بۆ گواستنەوەی ئەو ئەندامانەی داعش.

ئافانسایف لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت ئەو ئەندامانەی داعش سەرەتا لە ڕێگەی دەریاوە گەشتوونەتە پاکستان و پاشان نێردراونەتە باکووری ئەفغانستان و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیا و چینیش هۆشداریان بەو وڵاتە داوە ئامادە بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعش.

دەزگای هەواڵگریی ئوزبەکستان و ئەفغانستانیش پشتڕاستیان کردۆتەوە کە چەقی ئامانجەکەی ئەو هەڵمەتە وڵاتی ئەفغانستانە و لە کۆنفڕانسێکی ئەمنیی شاری تاشکەند پێتەختی ئوزبەکستانیش باسی لە سەر کراوە و هۆشدای دراوە لە سەر دزە کردنی داعش لە نێوان هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و سەرهەڵدانی قەیرانی تیرۆر لەو ناوچەیە.

هەر بەگوێرەی دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا ژمارەی ئەو ئەندامانەی داعش ئێستا لە ئەفغانستان هەڵمەتی تیرۆریستی دەکەن 2500 بۆ 4000 کەسن. دەزگای هەواڵگریی چینیش ژمارەی داعشییەکانی ئەو ناوچەیەی 3800 کەس زانیوە کە لە 160 بنکەی سەربازیدا جمووجووڵیان هەیە و زۆرینەشیان لە پارێزگای "ننگرهار" مۆڵیان خواردووە کە دەکەوێتە سنووری پاکستان. پاش هاتنی داعش بۆ ئەو ناوچەیە بەرهەمهێنان و بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر زیادی کردووە و ئەوەش زەمینەی خۆش کردووە بۆ مەشق کردن بە تیرۆریستان و بارهێنانیان بۆ خۆتەقاندنەوە.

هەر بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکانی ڕووسیا، تیرۆریستەکان لە سووریا و عێراقەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندەری کراچی لە باشووری پاکستان و لەوێشەوە نێردراون بۆ پیشاوەر کە نزیکە لە مەرزی ئەفغانستان لە ویلایەتی "ننگرهار". جووڵەی داعش لەو ناوچەیەدا بە ئاشکرا دەبینرێت. لە کۆتایی ساڵی 2017وە تیرۆریستانی داعش توانیویانە زیاتر لە 500 هێزی خۆیان لە سووریا و عێراقەوە بگوازنەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەکانی ئەو ڕاپۆرتە زۆرینەی ئەو تیرۆریستانە هاووڵاتیی فەڕەنسی، سوودانی، قەزاقستانی و ئوزبەکین.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت ئامانجی ئەو هەڵمەتەی داعش نائارام کردنی ئەفغانستان نییە بەڵکوو چەند وڵاتێکی کۆماری لەو ناوچەیە کراوتە ئاماج کە سەرەکیترینیان بریتین لە تورکمانستان و ئوزبەکستان و تاجیکستان.

سەرچاوەکانی هەواڵگریی ڕووسیا دوو هێڵی هێرشی داعشیان ناسیوە. یەکیان ویلایەتی "نۆرستان" و "بەدەخشان"ی تاجیکستان و ئەوی تریان "فریات" و "سەرپێڵ"ی تورکمانستان.

سەرچاوەی هەواڵگریی ڕووسیا ناوی کارگێڕی سەرەکیی داعش لە ناوچەکەش ئاشکرا دەکات کە "محەمەد گوڵاو مەنگاب"

جگە لەوەش "مەنگال" ناوی زڕاوە بۆ ئەوەی کە دەستی هەیە لە کاروباری دارایی داعشدا. دەوترێت هێزەکانی مەنگال پێوەندیی لەگەڵ هێزی تایبەتی ئەمریکا هەیە و ئەو پێوەندییەشی هێشتووەتەوە. لە هەشتاکاندا شەڕ دژ بە هێزی شەورەوی کردووە و پاش هێرشەکەی ئەمریکا ساڵی 2001 وەکوو بەڕێوەبەری خۆجێیی دەستنیشان کراوە.

میدیاکانی ڕۆژئاوا ناوبراو بە سیاسەتکارێکی کارامە و دادپەروەر ناو دەبەن و بی بی سی تەنانەت "مەنگال" بە "هیوای نوێ بۆ هیلمەند" وەسف دەکات. مەنگال پێشتر قایمقامی هیلمەند بوو.

بەوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان داعش بەنیازە ژمارەی هێزەکانی بۆ 5 هەزار کەس زیاد بکات و زۆرینەشیان لەلایەن مەنگالەوە پشتگیری دەکرێن. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە لەو ناوچانەدا کە هێزی ئەمریکی جێگیر کراون جووڵەی داعش و دەوڵەتی حۆجێیی دیاردەیێکی ئاساییە.

News Code 15427

Your Comment

You are replying to: .
captcha