ئه‌مریكا مه‌نبه‌جی وه‌ک دیاری پێشكه‌شی ئه‌ردۆغان كرد

بەشی جیهان- راوێژكاری پێشووی CIA، پێیوایه‌ ئه‌مریكا رێكه‌وتنی مه‌نبه‌جی له‌گه‌ڵ توركیادا وه‌كوو دیارییێک پێشكه‌شی ئه‌ردۆغان كرد، ئه‌مه‌ش بۆ پروپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنی 24ی حوزه‌یران گرنگی خۆی هه‌بوو بۆ ئه‌ردۆغان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێنری به‌ركای راوێژكاری پێشووی CIA له‌ دیمانه‌یێكیدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی سپوتنیک-ی رووسی، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ رێكه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و توركیا كرد له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌.

ئه‌و پێیوایه‌ مه‌نبه‌ج بۆ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان زۆر گرنگه‌، چوونكه‌ له‌ 24ی حوزه‌یران هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت له‌ توركیادا، بۆیه‌ ئه‌مریكا وه‌كوو دیارییێک مه‌نبه‌جی پێشكه‌ش به‌ ئه‌ردۆغان كردووه‌، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بكه‌وێته‌ گه‌ڕی دووه‌م، ئه‌مریكا چاوه‌ڕێ ده‌كات ئه‌ردۆغان بیباته‌وه‌.

هێنری ئاماژه‌ ده‌دات، ئه‌مریكا یه‌په‌گه-‌ی به‌كار هێنا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و ئێستەش په‌راوێزی ده‌خات.

ئه‌و ده‌ڵێ: "هیچ لۆژیكی تێدا نه‌بوو كه‌ پێشتر یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبه‌ج نه‌ده‌كشایه‌وه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییێكی به‌وێوه‌ نه‌بوو، ده‌مه‌وێت بڵێم په‌یوه‌ندی یه‌په‌گه‌ به‌ رۆژئاوای فوراته‌وه‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مریكا یه‌په‌گه‌ی به‌كارهێنا و ئێستە كاری پێ نه‌ماوه‌".

ئه‌و راوێژكاره‌ پێیوانییه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌ نێوان ئه‌مریكا و توركیا كراوه‌ قه‌ندیلیشی تێدا بێت، ده‌ڵێت ئه‌سته‌مه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌دا ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ندیلیشی تێدا بێت.

سه‌ره‌كیترین كێشه‌ به‌لای هێنرییه‌وه‌، مه‌نبه‌ج نییه‌، به‌ڵكوو كێشه‌ی سه‌ره‌كی لای ئه‌و ئایینده‌ی كورده‌ له‌ داهاتووی سووریادا. چوونكه‌ توركیا به‌هیچ شێوه‌یێک نایه‌وێت كوردانی سووریا هیچ پێگه‌یه‌كیان لە باکووری ئەو وڵاتە هه‌بێت و دژی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. بۆیه‌ هێنری پێیوایه‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا كێشه‌ی گه‌وره‌ رووده‌دات و یه‌په‌گه‌ به‌ ئاسانی دانانیشێت و شه‌ڕ ده‌كات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15386

Your Comment

You are replying to: .
captcha