په‌رله‌مانی كوردستان: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت قابیلی قبووڵ كردن نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، راگه‌یه‌نراوێكی له‌ باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رای‌ده‌گه‌یێنێت: جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی تایبه‌تی پارێزگاكانی تری عێراق ئامانجی سیاسی و حزبیی هه‌ندێک لایه‌نی عێراق و كوردستانیی له ‌پشته‌وه‌یه‌ و پێشێل كردنی مافی یاسایی ده‌نگدانی ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمه‌ و قابیلی قبووڵ كردن نییه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان

له‌كاتێكدا خه‌ڵكی عیراق به‌گشتی چاوه‌رێی ئه‌وه‌بوون دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی هاوبه‌شی نیشتمانی له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ قه‌یرانه‌ سیاسی و ئه‌منی و ئابوورییه‌كانی عێراق بهێنرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌بیانووی بوونی سه‌رنج و تێبینی له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ به‌دڵ و ئاره‌زووی هه‌ندێک لایه‌نی سیاسیی عێراق و كوردستانی نه‌بوووه‌، رۆژی 6-6-2018 په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنێكی نائاساییدا یاسایێكی دوور له‌ بنه‌ما ده‌ستووری و یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌ڵبژدارنه‌كان تێپه‌ڕاند و داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی 100%ی ده‌نگه‌كان ده‌كات له ‌عێراقدا. له‌ به‌شێكی یاساكه‌دا پێشێلكارییێكی گه‌وره‌ی یاسایی به‌رانبه‌ر به‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش و دژه‌تیرۆری هه‌رێمی كوردستانی كردوووه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتێكدا پشتیوانی له‌ هه‌ر رێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌كا بۆ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ ده‌رخستن و دووپات كردنه‌وه‌ی راستی و دروستیی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له ‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا، له‌هه‌مانكاتیشدا نیگه‌رانیی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ شێوازی تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ راده‌گه‌یه‌نێ و زۆر به‌ توندیش ئه‌و بڕگه‌یه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و سڕكردنی ده‌نگدانی تایبه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش و دژه‌تیرۆری هه‌رێمی كوردستانی كردوووه‌. دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی تایبه‌تی پاریزگاكانی تری عێراق ئامانجی سیاسی و حزبیی هه‌ندێک لایه‌نی عێراق و كوردستانیی له ‌پشته‌وه‌یه‌ و پێشێل كردنی مافی یاسایی ده‌نگدانی ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمه‌ و قابیلی قبووڵ كردن نییه‌. وه‌ک ئاشكرایه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆی هه‌رێم رۆلێكی كارایان له‌ شه‌ڕی دژ به ‌داعش و زه‌مینه‌خۆش كردنی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بینیوه‌، ناكرێ فیداركاری و قوربانییه‌كانی ئه‌م هێزانه‌ به‌پێشێل كردنی ئیراده‌ی ده‌نگدانیان و مافه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانیان وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.

ئه‌مجۆره‌ یاسایه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تێپه‌ڕێندراوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی نانه‌وه‌ی نائارامی و ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیی زیاتر له‌ عێراقدا، خزمه‌تیش به‌ ئاینده‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان ناكات، هاوكات سه‌روه‌ریی یاسا و ده‌ستووری وڵاتیش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و قه‌یرانه‌كانی عێراقیش قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.

داوا له‌ داداگای فیدراڵی ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ هه‌ڵوێستی روون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌ستوورییان هه‌بێت و سنوورێک بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ دابنێن كه‌ ماوه‌یێكه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌دژی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان تێیده‌په‌رێنێ. هه‌روه‌ک داواكارین سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كوردستان له ‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاركانی هه‌ڵبژاردن رێز له‌ ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران و ئه‌نجامی هه‌ڵًبژاردنه‌كان بگرن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15364

Your Comment

You are replying to: .
captcha