بەپێی هەواڵی کوردپرێس کوردانی ڕەوەند لە ناوچەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نەریتی کۆنی کوردەوارییان پاراستووە و بژێوی ژیانیان بە بەرهەم هێنانی شیرەمەنی و گۆشتی ئاژەڵی بەرزەپا و مەڕوماڵات دابین دەکەن و ئەوەش لە پێشخستنی ئابووری ئەو ناوچە کوردنشینەدا دەوری تایبەت دەبینێت.
بێهرووز قەنبەری بەڕێوەبەری کاروباری ڕەوەندەکانی شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە وتوویەتی کوردانی ڕەوەندی ئەو شارە ڕۆژانە 5 تەن شیر بەهەم دێنن و ڕەوانەی بازاڕی دەکەن ئەوەش لە 112 و 500 سەر ئاژەڵ بەرهەم دێت کە 2500 سەری ئاژەڵی بەرزەپا و 10 هەزار سەر مەڕوماڵاتە.
ناوبراو زیادی کرد هەر لە ڕێگای ڕەوەندەکانی شاری نەغەدەوە ساڵانە زیاتر لە 700 تەن گۆشت و 10 تەن خوری بەرهەم دێت.
قەنبەری گوتیشی حەشیمەتی ڕەوەندەکان لە شاری نەغەدە دەگاتە 5 هەزار و 800 کەس کە لە گوندەکانی دەوروبەری نەغەدە دەژین.
بەڕێوەبەری کاروباری ڕەوەندەکان لە شاری نەغەدە ئەوەشی زیاد کرد کە لەو حەشیمەتەی ڕەوەندەکان 480 بنەماڵەیان ساڵانە بەرەو پیرانشار و شنۆ و ساینقەڵا کۆچ دەکەن.
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە باری حەشیمتی ڕەوەندەوە سێهەم پارێزگای ئێرانە و نزیکەی 15 هەزار و 599 بنەماڵەی ڕەوەند لەو پارێزگایەدا دەژین کە حەشیمەتەکەیان دەگاتە زیاتر لە 104 هەزار کەس واتا 3.5ی کۆی حەشیمەتی پارێزگاکە پێک دێنن و بریتین لە 10 ئێڵ و 22 عەشیرەی سەربەخۆ.
Your Comment