دەمیرتاش لە کەناڵی دەوڵەتیی تورکیاوە گرتەیێکی ڤیدیۆیی تۆمار دەکات

بەشی تورکیا- کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە کەناڵی فەرمیی دەوڵەتەوە گرتەیێکی ڤیدیۆیی تۆمار دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارە رۆژی سێشەممە 12/6/2018، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و کاندیدی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە 2018، ستۆدیۆیێکی کەناڵی TRTی تورکی لە گرتووخانەی ئیدیرنە بۆ دروست بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کەناڵەکە بڕیارە رۆژی 17/6/2018 گرتە ڤیدیۆییەکەی کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاو بکاتەوە.

لەو ستۆدۆیەیەدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش ماوەی 10 خوولەک قسە بۆ هاووڵاتییانی تورکیا دەکات و تێیدا داوایان لێ دەکات دەنگی پێ بدەن بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری تورکیا.

بەپێی یاساکانی تورکیا، کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بۆیان هەیە 10 خولەک لە کەناڵی فەرمیی دەوڵەت، بانگەشە بۆخۆیان بکەن.

دەمیرتاش یەکێکە لەو شەش کاندیدانەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کە بڕیارە لە 24/6/2018 ئەنجام بدرێت.

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە 4/11/2016ـەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی تیرۆر و کارکردن دژی دەوڵەتی تورکیا، دەستگیر کراوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15335

Your Comment

You are replying to: .
captcha