ئەردۆغان: ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ هه‌ر کاتێکدا هێرش بکه‌ینه‌ سه‌ر قه‌ندیل، شنگال و مه‌خموور

به‌شی تورکیا- تورکیا له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار نزیک ده‌بێته‌وه‌ و هاوکات ئه‌نقه‌ره‌ هۆشدارییه‌کانى بۆ حکوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر ده‌رکردنى په‌که‌که‌ له‌ خاکه‌که‌ى چڕ کردوووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى هێرش کردنه‌ سه‌ر قه‌ندیل و شنگال و ته‌نانه‌ت که‌مپى مه‌خموریش ده‌دات و هێزێکى زۆریشى له‌سه‌ر سنووره‌کانى هه‌رێمى کوردستان جێگیر کردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ نوێترین لێدوانیدا له‌سه‌ر بوونى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیل و ناوچه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵه‌کانى "دى" و سی ئێن ئێن تورک ڕای‌گه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌ر مه‌ترسییێک له‌ عێراقه‌وه‌ هه‌بێت بۆ سه‌ر تورکیا که‌ ناوبه‌ناو هه‌یه‌ به‌ خێرایى ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا باس ده‌که‌ن.

ناوبراو وتیشى: ئه‌گه‌ر به‌غدا وتی ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات ئه‌وا باشه به‌ڵام ئه‌گه‌ر وتى ناتوانێت چاره‌سه‌رى بکات ئه‌وا ئه‌نقه‌ره‌ مۆڵه‌ت له‌ که‌س وه‌رناگرێت و ڕه‌نگه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر قه‌ندیل و شنگال و ته‌نانه‌ت مه‌خمووریش وه‌ک ئاماژه‌یێک بۆ که‌مپى مه‌خموور که‌ ژماره‌یێکى زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتى کرێکارانى کوردستان و خێزانه‌کانیان تێیدا نیشته‌جێن.

ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت: مه‌خموور شوێنێکى زۆر گرنگه‌ و به‌ لانه‌ى په‌که‌که‌ ناوى برد و باسى له‌وه‌ش کرد نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان باسى گرنگى مه‌خمووریان کردوووه‌ و داواى لێکردوون که‌ به‌ زوویى بابه‌تى مه‌خموور چاره‌سه‌ربکات چوونکه‌ په‌که‌که‌ ئه‌ندامه‌کانى له‌وێ پێده‌گه‌یه‌نێت و په‌روه‌رده‌یان ده‌کات.

ئه‌ردۆغان وه‌ک ئاماژه‌یێک له‌باره‌ى هه‌وڵه‌کانى تورکیا بۆ داخستنى که‌مپى مه‌خموور ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان گفتوگۆ ده‌كه‌ن تا ئه‌و كاره‌ چاره‌سه‌ر بكات ئه‌گه‌رنا تورکیا هه‌نگاوى پێویست ده‌گرێته‌به‌ر.

وته‌کانى ئه‌ردۆغان هاوکاتن له‌گه‌ڵ له‌شکرکێشی سوپاى وڵاته‌که‌ى بۆ ناوچه‌ى برادۆست که‌ به‌ وته‌ى وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا تا ئێستا زیاتر له‌ ٢٧ کیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته‌ خاکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ش سلێمان سۆیلۆ وتى وڵاته‌که‌ى سه‌رقاڵى دروست کردنى ناوچه‌یێکى ئارامه‌ له‌ عێراق که‌ ئامانج لێى گۆشه‌گیر کردنى په‌که‌که‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌ و وشک کردنى سه‌رچاوه‌کانیه‌تى.

له‌لایێکى دیکه‌وه‌ ئاژانسى فورات نیووز نزیک له‌ په‌که‌که‌ بڵاوی کرده‌وه‌ شه‌وى پێنجشه‌ممه‌ سوپای تورکیا ١٥٠ زرێپۆشی له‌ سنووره‌کانی هه‌رێم له‌ ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌ری باره‌گای سه‌ربازیی ڕوبارۆک و موسه‌کای شه‌مزینانی سه‌ر به‌ جوله‌مێرگ جێگیر کردوووه‌.

هاوکات له‌گه‌ڵ جێگیر کردنى ئه‌و هێزه‌شدا ئێواره‌ى پێنجشه‌ممه‌ فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیا ناوچه‌ى ئه‌رموشی سه‌ر به‌ خواکورک و قه‌ندیلیان بۆردومان کردوووه‌.

ڕۆژى هه‌ینیش جارێکى دیکه‌ فڕۆکه‌کانى تورکیا دوو جار سنووری گوندی ردنێى ده‌ڤه‌ری چیای گاره‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای ئامێدی و له‌ هه‌مان کاتدا چیای کوره‌ژاریان له‌ سنووری ناحیه‌ی شیلادزێ و دواتر زنجیره‌چیای زێباریشیان بۆردومان کرد.

جموجوڵه‌کانى سوپاى تورکیا له‌ هه‌رێمى کوردستان و لێدوانى به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ له‌باره‌ى بوونى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ له‌ خاکى هه‌رێمى کوردستان له ‌کاتێکدایه ١٦ ڕۆژى دیکه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تى له‌ تورکیا به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و شیکه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌کانى ئه‌و وڵاته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و کارانه‌ به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ناو ده‌به‌ن.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15298

Your Comment

You are replying to: .
captcha