بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەدا هاتووە: لە چوارچێوەی ستراتژیی گشتیی یەپەگە بۆ شەڕی دژ بە تێرۆر و داعش، ئەنجومەنی سەربازیی منبج داوای هاوکاری لێ کردین، تا پێکەوە شارەکە لە چەتەکانی داعش ڕزگار بکەین. ئەو داوا کارییە بەفەرمی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا ئاڕاستەی ئێمە کرا. ئێمەش وەک یەپەگە، لە سەر بنەمای ئەو داخوازییە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ڕێککەوتین و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مەنبجمان لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا دەست پێکرد، کە پاشان ماوەی دوو مانگی خایەند و دەرەنجام سەرکەوتنی بەدوادا هات و تێرۆریستانی داعش لە شارەکە وەدەرنران و بەشێکی زۆری گوندەکانی دەوروبەری مەنبجیش پاک کرانەوە. بەگشتی بەرخۆدان تا ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٦ بەردەوام بوو و لەو ڕێککەوتەدا بە ڕاگەیەندراوێک جاڕی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە درا".
یەپەگە ڕاشیگەیاندووە: "پاش ئەوەی مەنبج ڕزگار کرا، ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە گەڕێندرایەوە، لە ڕێککەوتی ١٦ی مانگی ١١ی ٢٠١٦دا، وەک ئیدارەی سەربازی و مەدەنی شارەکە و دەروبەریمان ڕادەستی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج کرد و هێزەکانمان کشاندەوە و بەفەرمیش ئەو کشانەوەیەمان ڕاگەیاند و بۆ ئەوەش مەراسیمی سەربازییمان ڕێکخست و بەشێوەیێکی زیندوو لە تەلەفزیۆنەکانەوە بلاو کرایەوە".
یەپەگە ئاشکراشی کردوە: " لەسەر داوای ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج، چەندین گرووپ لە فەرماندەکانی یەپەگە وەک ڕاوێژکار لە شارەکە و دەوروبەری مانەوە. ئەو گرووپانە کاریان پەروەردە و ڕاوێژی سەربازی بوو بە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج. هەڵبەتە ئەوەش لە ژێر چاودێڕیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەنجام درا.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: لە ئیستاشدا پاش 2 ساڵ ئەنجومەنی سەربازیی منبج گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانێت خۆی بەرێوەبەرێت و پەروەردە بکات، بۆیە فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ئیدی بە پێویستی نابینێت ڕاوێژکارەکانی لە منبج بمێنەوە و بڕیاری کشانەوەیانی داوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا یەپەگە دەستنیشانی کردوە: " ئێمە وەک هێزەکانی یەپەگە بۆ ڕایگشتی منبج دووپاتی دەکەینەوە، بۆ ڕزگارکردن و ئازادکردنی هاولاتییانمان و پاراستنیان لە چەتەکانی داعش، بە تێکۆشان و فیداکارییەوە ئەرکی سەر شانمانە بەجێ دەهێنین و لەسەرییشی بەردەوام دەبێن تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی کۆتایی بە تێرۆرستان دەهێنین و ئاسایش و ئارامی یەکجارەکی بۆ هەموو ناوچە ڕزگارکراوەکان دابین دەکەین".
سەرچاوە: هەواڵدەریی سپوتنیک
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment