کوردپرێس:
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە لە گوتەیێکدا رایگەیاند "دووژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەباشی ئەوە دەزانن ئەگەر مووشەکێک لە تاران بگرن، ئەوا بە 10 مووشەک وەڵامیان دەدەینەوە".
ئایەتوڵڵا خامنەیی راشیگەیاند، دەبێت رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بەخێرایی دەست بکەن بە ئامادەکاری پێویست بۆ بەدەستهێنانی 190 هەزار سوو (پیتاندنی یۆرانیۆم)، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و لەگەڵ دەرچوونی فەرمانی سەرۆکایەتی کارەکان دەست پێبکەن.
رۆژی 8ی مانگی رابردوو ئەمریکا بە تۆمەتی پابەندنەبوونی تاران بە کرۆکی رێککەوتنەکە، لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە. بەڵام وڵاتانی دیکەی زلهێزی جیهان لە هەوڵی پاراستنی رێککەوتننامەکەدان.
لەگەڵ ئەو گومانەی ئەمریکاشدا، یوکیا ئەمانۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، ئێران پابەند بووە بە رێککەوتنەکە و تیمەکانیان دەتوانن سەردانی هەموو شوێنەکانیش بکەن.
دوای کشانەوەکەی ئەمریکا، پرسی ئەتۆمی ئێران و سیاسەتەکانی تاران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بوونەتە بابەتێکی گەرمی کۆبوونەوە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان سەرکردەی هەندێک لە وڵاتانی کاریگەری جیهان.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment