موراد قه‌ره‌یلان پيلانێكی ئه‌ردۆغان دژ به ‌هه‌ده‌په‌ ئاشكرا ده‌كات

به‌شی تورکیا- ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) ڕای‌گه‌یاند: پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌توانێت له‌ پێشبینییه‌كانیش زیاتر ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت و هاوكات پيلانێكی پارتی داد ‌و گه‌شه‌ (ئه‌كه‌په‌) دژ به‌ هه‌ده‌په‌ ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ فورات نیوز ده‌ڵێت: "هه‌ده‌په‌ ده‌توانێت له‌ پێشبینییه‌كانیش زیاتر ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت و پێویسته‌ هه‌موو خه‌باتكارانی هه‌ده‌په‌، گه‌لی كورد، بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی توركیا، ئه‌رمه‌نی، سوریانی، عه‌له‌وی، هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م بزانن كه‌ ئه‌م كاره‌ ئاسان نییه‌. پێویسته‌ بزانن كه‌ بڕیاری فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ده‌په‌ له‌ژێر به‌ندی هه‌ڵبژاردندا بهێڵێته‌وه."

قه‌ره‌یلان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تی ‌و په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "گۆڕینی شوێنی سندووقه‌كان، دانانی سندووق له‌ سه‌ربازگه‌كان، یه‌كخستنی سندووقه‌كان به‌ دڵی خۆیان و... پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان به‌مانه‌ بزانێت و خۆی سست نه‌كات. هه‌ر كه‌سێک كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م سیسته‌مه‌ تاكڕه‌و و دیكتاتۆره‌ بگۆڕێت گرینگه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جموجۆڵ بكات."

ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ "پێویسته‌ هه‌موو كه‌س كار بكات و ده‌بێ كارێكی وه‌ها بكرێت كه‌ سه‌د یان دوو سه‌د هه‌زار ده‌نگیش بدزن كاریگه‌ری نه‌بێت."

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15078

Your Comment

You are replying to: .
captcha