پەیامێک لە پارتییەوە بۆ یەکێتی: یادەکەتان بکەینە هەوێنی بەکڕیزی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (43)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی دەکات و رایدەگەیێنێت، ئومێدەوارین ئەو یادە هەوێنی یەكگرتوویی و زه‌مینه‌سازی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێو یه‌كێتی به‌تایبه‌تی و نێو ماڵی كوردستانی به‌گشتی بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس رۆژی پێنجشەممە 31-5-2018، پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان کرد.

لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێزەوە یادی دامەزراندنی یەكێتی بەرزدەنرخێنین بۆ ئەو خزمه‌ته‌ی به‌ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمانی كردووه‌ و راشیدەگەیێنێت، ئومێدەوارین ئەو یادە هەوێنی یەكگرتووی و زه‌مینه‌سازیی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێو یه‌كێتی به‌ تایبه‌تی و نێو ماڵی كوردستانی به‌گشتی بێت له‌ پێناو بنیادنانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی پته‌و‌ی نێوانمان و هاوگوتاریی سیاسی و هاوپەیمانیی و برایەتی و تەبایی و ئاشتەوایی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان و زاڵبوون بەسەر كۆسپ و تەگەرە و ناكۆكییە لاوەكییەكان و به‌ده‌ستهێنانی باشترین ده‌ستكه‌وت بۆ كورد و كوردستانیان.

دەقی پەیامەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەڕێزان/ جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بەبۆنەی (43)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رجه‌م ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین.

كاتێك ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێزەوە یادی دامەزراندنی یەكێتی بەرز دەنرخێنین بۆ ئەو خزمه‌ته‌ی به‌ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمانی كردووه‌، لای هەموان روونە، كە هەرێمی كوردستان بە هەلومەج و قۆناخێكی دیكە دا رەت دەبێ بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێكهێنانی كابینەی حكومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق، بۆیە جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هاوخەباتی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێزولایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانمان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانی گه‌له‌كه‌مان.

ئومێدەوارین ئەو یادە هەوێنی یەكگرتووی و زه‌مینه‌سازی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێو یه‌كێتی به‌ تایبه‌تی و نێو ماڵی كوردستانی به‌گشتی بێت له‌ پێناو بنیادنانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی پته‌و‌ی نێوانمان و هاوگوتاریی سیاسی و هاوپەیمانیی و برایەتی وتەبایی و ئاشتەوایی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكان و زاڵبوون بەسەر كۆسپ وتەگەرە و ناكۆكییە لاوەكیەكان و به‌ده‌ستهێنانی باشترین ده‌ستكه‌وت بۆ كورد و كوردستانیان.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو و به‌رده‌وام بن..

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

31/5/2018

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15032

Your Comment

You are replying to: .
captcha