ده‌میرتاش داوا له‌ دادگای ده‌ستووری ده‌کات تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بۆ که‌یسه‌که‌ی بکات

به‌شی تورکیا- سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی هه‌ده‌په‌ داوا له‌ دادگای ده‌ستووریی ده‌کات تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بۆ که‌یسی ده‌ستگیر کردنه‌که‌ی بکات.

کوردپرێس- ڕۆژنامه‌ی حوڕییه‌ت ده‌یلی نیووزی تورکی بڵاوی کردوووه‌ته‌وه‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش کاندیدی هه‌ده‌په‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری تورکیا داوای له‌ دادگای ده‌ستووریی تورکیا کردوووه تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بۆ که‌یسی ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی بکرێت.

دوای ئه‌وه‌ی ٢١ی ئه‌م مانگه‌ دادگای سزای ئه‌نقه‌ره‌ داوایێکی ده‌میرتاشی بۆ ئازادکردنی ڕه‌ت کرده‌وه‌ دواتریش پارێزه‌ره‌کانی که‌یسه‌که‌یان گه‌یانده‌ دادگای سزای قورسی ئه‌نقه‌ره‌ و ٢٤ی مانگ ئه‌و دادگایه‌ش داواکه‌ی ده‌میرتاشی ڕه‌ت کرده‌وه‌.

له‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی ده‌میرتاشدا هاتوووه‌ که‌ "به‌ڵگه‌ی به‌هێز" دژی ده‌میرتاش هه‌یه‌ که‌ "قابیلی ده‌ستکارییه‌".

له‌ که‌یسه‌که‌یدا ده‌میرتاش وتوویه‌تی ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌کرێت پێشێل کردنی مافه‌کانییه‌تی به‌وه‌ی که‌ وه‌کوو کاندیدێکی سه‌رۆکایه‌تی زیندانی کراوه‌ و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ خۆی هه‌ڵبژێرێت و هه‌ڵبژێردرێت.

هاوکات هه‌ده‌په‌ش داوای له‌ وه‌زاره‌تی داد کردوووه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌ ده‌میرتاش بده‌ن که‌ له ‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ و له‌ زیندانه‌وه‌ به‌شداری له‌ دیبه‌یته‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی فۆکس بکات و داواشیان کردوووه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌ ده‌میرتاش بدرێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ میدیاکان بکات و له‌ به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کاندا به‌شداری بکات.

ئه‌وه‌ش له ‌کاتێکدایه‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێکه‌ له‌سه‌ر چه‌ند که‌یس و تۆمه‌تێک ده‌ستگیر کراوه‌ و ڕووبه‌ڕووی زیاتر له‌ ١٤٢ ساڵ زیندانی ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر تاوانه‌کان به‌ سه‌ریدا ساغ ببنه‌وه‌. له‌ ماوه‌ی ڕابردووشدا پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌میرتاشی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا وه‌کوو کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی دیاری کرد.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14954

Your Comment

You are replying to: .
captcha