پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دێته‌ ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌نگدانی ده‌ره‌وی وڵات و ئاواره‌كان و ژماردنه‌وه‌ی 10%ی ده‌نگه‌كان كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه ‌و سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "پرۆسه‌كه‌ كۆتایی هاتوووه ‌و ئه‌و هه‌وڵه‌ی هه‌ندێک لایه‌نیش كه‌ ده‌نگی پێویستیان نه‌هێناوه‌ كاریگه‌ری نابێت."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ SNNی ڕاگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ناتوانێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕه‌ت بكاته‌وه به‌ڵكوو ده‌توانێت داوای لێكۆڵینه‌وه‌ بكات له‌و شوێنانه‌ی گومانی له‌سه‌ره‌ و له‌سه‌ر گله‌یی و گازه‌نده‌كانیش بانگهێشتی كۆمیسیۆن بكات.

به وته‌ی د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م "دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هیچ گرنگییێی نابێت چوونكه‌ نیسابیان زۆر به ‌زه‌حمه‌ت پێ ته‌واو كراوه‌ و گومانی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌یه‌ و به‌شێک له ‌ناوی ئاماده‌بوووه‌كان دووباره‌ كراونه‌ته‌وه‌ و هیچ ڕۆڵ و كاریگه‌رییێکیشی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نابێت و ئه‌نجامه‌كه‌ش كۆتایی هاتوووه."

ناوبراو ده‌شڵێت: "ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی هیچ شوێنێكی نییه‌ و له ‌په‌رله‌مان یاسای كۆمسیۆن په‌سه‌ند كراوه‌ كه‌ ژماردنی ده‌نگه‌كان ئه‌لیكترۆنییه‌ و بۆ ژماردنیشی به‌ ده‌ست ده‌بێت یاسایه‌كی‌تر بۆ ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربچێت كه‌ ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته‌ و ناكرێت."

سه‌ركی فراكسیۆنی پارتی ڕاشی‌گه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی ڕابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌وڵێكی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ ده‌نگێكی ئه‌وتۆیان نه‌هێناوه ‌و ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ دڵنه‌وایی ده‌نگده‌ره‌كانیان بكه‌ن و باشترین چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كێشانه‌ی ماون له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌رییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن به‌ر له‌وه‌ی بچێته‌ دادگای فیدراڵی و له‌لایه‌ن سه‌رۆک كۆماره‌وه‌ ئه‌نجامی كۆتایی پرۆسه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ماجد شنگالی ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ SNNی ڕاگه‌یاند: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، كارێكی زۆر ئه‌سته‌مه‌، چوونكه‌ كێشه ‌و ئاڵۆزیی ناوخۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: "سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق لیژنه‌یێكی باڵای به ‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی و ئه‌ندامێكی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ده‌زگای هه‌واڵگری و هه‌واڵگریی گشتی پێكهێناوه‌ تاوه‌كوو ئه‌و لیژنه‌یه‌ ڕاپۆرتی خۆی پێشكه‌شی دادگای فیدراڵی بکات و دادگا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند ناكات."

ماجد شه‌نگالی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی نییه‌ به‌ڵام ده‌توانێت داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی رێژه‌یێكی ده‌نگه‌كان بكات به‌ ده‌ستی بۆ ئه‌وه‌ی گومانی لایه‌نه‌كان بڕه‌وێته‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: "هێشتا ماوه‌ی 40 ڕۆژ له ‌به‌رده‌می دادگا ماوه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كان چوونكه‌ 1ی 7 یه‌كه‌م ڕۆژی دانیشتنی خولی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌بێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14883

Your Comment

You are replying to: .
captcha