په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری دا به‌ ژماردنی ده‌ستیی له‌سه‌دا ١٠ی ده‌نگه‌کان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری دا به‌ ژماردنی ده‌ستی له‌سه‌دا ١٠ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان که‌ ١٢ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نائاساییی په‌رله‌مانی عێراق که‌ ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 28ی ئایار به‌رێوه‌ چوو بڕیاری دا له‌سه‌دا ١٠ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاکانی عێراق به‌ ده‌ست هه‌ژمار بکرێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئێن ئاڕ تی ڕاگه‌یاند: له‌ دانیشتنه‌که‌دا بڕیار دراوه‌ ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ی وڵات جگه‌ له‌ ده‌نگی مه‌سیحییه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی تایبه‌تی ئاواره‌کان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

ناوبراو ئاشکراشی کرد ئه‌گه‌ر له‌ ژماردنی ده‌ستی له‌سه‌دا ١٠ی ده‌نگه‌کان هه‌ر که‌موکوڕی و ساخته‌کارییێک ده‌رکه‌وت پێویسته‌ ته‌واوی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ده‌ست هه‌ژمار بکرێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید وتیشی: په‌رله‌مان بڕیاری داوه‌ کۆپییێک له‌ ئه‌نجامه‌کان بداته‌ لایه‌نه‌ به‌شداربوووه‌کان و هه‌روه‌ها دانیشتنه‌که‌ به‌ کراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ بۆ کاتێکی‌تر.

له‌ دانیشتنه‌که‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا ١٦٨ په‌رله‌مانتار ئاماده‌ بوون ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند دانیشتنێکی په‌رله‌مانی عێراق به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی رێژه‌ی یاساییی په‌رله‌مانتاران شکستی هێنا له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق که‌ زۆرێک له‌ لایه‌نه‌کان تانه‌یان لێی داوه‌ و پێیان وایه‌ ساخته‌کاری گه‌وره‌ی تێدا کراوه‌.

ئه‌وه‌ش له ‌کاتێکدایه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و سه‌رکرده‌ى به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کۆ بوووه‌وه‌ و گفتوگۆیان کرد که‌ چاره‌سه‌رێک بۆ پرسى ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بدۆزرێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14857

Your Comment

You are replying to: .
captcha