کوردپرێس- کۆمسیۆنی باڵی هەڵبژاردنەکانی عیراق ڕۆژی 19ی ئایاری 2018 ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند. دەنگۆی ساختەکاری کردنی یەکێتی و پارتی وای کردووە سنووری نێوان ئەنجامی فەرمی و ئەنجامی نافەرمی دیار نەبێت. هەموان سەریان سوڕماوە لە ئەنجامەکانی یەکێتی کە بە نیسبەت خولی ڕابردوو گەڕانەوەیێکی یەکجار باشی تۆمار کرد و 18 کورسیی بە دەست هێنا. پارتیش بە 28 کورسی زیاترین کورسیی لە پەڕلەمان وەدەست هێنا. گۆڕان 5 کورسی، نەوەی نوێ 4 کورسی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی هەر یەکەو دوو کورسییان تۆمار کرد و حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی کورسی بە دەست بهێنێن.
پاش داخرانی بازنەکانی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی کەشی سلێمانی زۆر ئاڵۆز بوو و تەنانەت توندوتیژیشی لێکەوتەوە. سلێمانی مەکۆی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبەکانی ئوپۆزسیۆن بەرانبەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بوو.
دەنگۆی ئەوەش بڵاو بوویەوە کە تەنانەت سەرکردەیێکی یەکێتی فەرمانی بە هێزەکانی کردووە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان بدەنە بەر گوللە.
گۆڕان بە ئەنجامەکە ناڕازییە و دەڵێت ساختەکاری کراوە. دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە نووسینگەکە بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە ئەویش لە یەکێتی جیا بۆتەوە گەمارۆ درابوو بەڵام ئەو هەڵمەتە لەبەر وتاری لێزانانەی بەرهەم ساڵح بەرانبەر بە یەکێتی پووچەڵ کراوەتەوە. ئەگەرچی هیچ لەو ڕووداوانە بریندارێکیشی لێنەکەوتەوە بەڵام ئەوەی سەلماند کە دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان ڕازی نابن بەو ئاسانییە دەسەڵات ڕادەست بکەن و ڕازیشن تەنانەت زۆر و هێز بەکار بهێنن.
گۆڕان لە دوو خولی ڕابردووی هەڵبژاردندا پشتی بەستووە بە ناڕەزایەتی دژی حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە پێوەری سەرەکیشیان بۆ ئەو ڕەخنە گرتنە قەیرانی بەڕێوەبەرایەتی و گەندەڵی و سیستەمی ئیداری و ئابووری ناکارامە بوو. ئابووری هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی بودجە لە بەغداوە بڕا تووشی گرفتێکی قووڵ بوو بەو چەشنەی حکوومەتی هەرێم توانای ئەوەی نەبوو مووچەی فەرمانبەرەکانی بدان و چەندین مووچە دوا کەوت.
گۆڕان تەرکیزی کردۆتە سەر پلاتفۆڕمی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لە هەڵبژاردنەکانی 2013 و 2014شدا چ لە ئاستی عێراق و چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان باش دەرکەوت و دەنگێکی زۆری یەکێتیی بۆ خۆی ڕاکێشا و لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا ساڵی 2014 9 کورسیی مسۆگەر کرد ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە یەکێتی تەنها 21 کورسیی هێنابوو بەڵام لەبەر ئەوەی دوو حیزبی یەکێتی و پارتی جومگەکانی دەسەڵات و هێزی سەربازییان پێیە گۆڕان نەیتوانی ببێتە هێزێکی سیاسی. سەرەڕای ئەوەش دەستنیشان کردنی چەند وەزیری ناکارامەی گۆڕان وای کرد پێگەی ئەو حیزبە لاوازتر ببێت. هەر بۆیەش بێ هیوایی سەرکردەکان و جەماوەری لایەنگری گۆڕانی لێکەوتەوە و جگە لەوەش جەماوەری هەرێمی کوردستان بە یەکجار لەوە بێ هیوا بوون کە چاکسازی بە سندووقی دەنگدان بکرێت. ئەوەش بە ڕێژەی بەشداری کردنی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایارەوە خۆی دەرخست کە تەنها 44.5 لە سەدی هاووڵاتییان بەشداریی هەڵبژاردنیان کردبوو.
ڕێژەی بەشداری کردنی لە هەرێمی کوردستان بە نیسبەت عێراقەوە باشتر بوو و کۆی سەدا 48ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردبوو. لە سلێمانی 50 لە سەد، هەولێر 43 لە سەد و دهۆک 51 لە سەد. ئامارێکی دیکەش دەڵێت 52 لە سەدی دەنگدەرانی عێراق دەنگیان بە کورد نەداوە. پرسیارەکە ئەمەیە ئەو 52 لە سەدەی دەنگیان نەداوە کێن؟ وەڵامێکی سەرەکی ئەمەیە کە ئەو ڕێژەیە ئەو کەسانەن کە چیتر متمانەیان بە هەڵبژاردن و چاکسازی و هیچ حیزبێکی کوردی بە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و دیکەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە. لە ڕاستیدا ئەو ڕێژە 52 لە سەدە بڕوایان وایە کە دەنگی ئەوان هیچ شوێندانەریی نابێت و تەنها دەبێتە هۆی دەوڵەمەند کردنی کاندیدەکان و هەژار بوونی خۆیان. پێدەچێت ئەو ڕێژەی 48 لە سەدەش کە بەشدارییان کردبوو پێگەی جەماوەریی حیزبەکان بن کە وەفایان بۆ حیزب ماوە. ئەو جەماوەرە کاریان بە هەگبەی حیزبەوە نییە و وەکوو "پێگەی ترەمپ" دەنگ بەو حیزبە دەدەن کە ڕێزی لای ئەوان هەیە. بۆ نموونە ئەم هەڵبژاردنە سەلماندی کە پارتی لە دهۆک و هەولێر پێگەی جەماوەریی خۆی هەیە. بەڵام ڕێژەی کەمی بەشداری کردنی هاووڵاتییانی ئەو دوو پارێزگایە لە چاو ڕێژەی سەدا 92ی بەشداری کردنیان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی زەنگی مەترسییە لە سەر پارتی. پێدەچێت یەکێتیش هەمان هەلومەرجی هەبێت. یەکێتی لە سلێمانی 8 کورسیی هێنا کە خولی پێشووی تەنها 6 کورسیی تێدا هێنابوو. لە کەرکووکیش 6 کورسییەکەی خۆی هێنایەوە.
لە ڕاستیدا ئایدیای کۆمەڵگەی وەفادار یان "پێگەی وەفادار" لە کاتی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولدا لە هەڵەبجە و سلێمانی کە ئوپۆزسیۆنی تێدا چالاکە زیاتر خۆی دەرخست. بزووتنەوەی گۆڕان ڕیفراندۆمی بایکۆت کرد و داوای لە جەماوەری خۆی کرد دەنگی بەڵێ بە ڕیفراندۆم نەدەن. نەوەی نوێش کەمپێنی "نەخێر لە ئێستادا"ی پێکهێنا بەڵام لە هەولێر و دهۆک کە کۆمەڵگەی بەوەفای پارتین زیاتر لە 90 لە سەدی هاووڵاتییان لە ڕیفراندۆمدا بەشدارییان کرد. بەڵام لە هەڵەبجە و سلێمانی پێگەی جەماوەری گۆڕانە 50 و 55 لە سەد بوو. ئەوەش دەیسەلمێنێت کە تەنها کۆمەڵگەی وەفاداری دوو حیزبی یەکێتی و پارتی دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە و دیکەی هاووڵاتییان بە باشیان زانیوە لە ماڵە خۆیان بمێننەوە و دەنگ نەدەن.
سەرەڕای ئەوەش ڕێژەی بەشداری کردنی جەماوەری هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی 2014دا بەم شێوازە بوو: لە هەموو هەرێمی کوردستان کۆی 72.1 لە سەد. سلێمانی: 72 لە سەد. هەولێر: 70.6 لە سەد. دهۆک: 73.9 لە سەد. بەو ڕێژەیەوە گۆڕان لە کۆی 22 کورسیی سلێمانی 12 کورسیی هێنا و پێش یەکێتی کەوت و لە سلێمانی پلەی یەکەمی مسۆگەر کرد. جگە لەوەش گۆڕان دزەی کردە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و لە دهۆک یەک کورسیی هێنا و لە کۆی 30 کورسیی کەرکووکیش 4 کورسیی هێنا.
بەوەشەوە ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان لە چاو 2017 کە 7 کورسیی هەبوو دابەزیوە گەشتۆتە 5 کورسی. ئەگەرچی دەنگۆی ساختەکاری بەرزە و بەڵگە دەرکراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و لێدوانەکەی سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆن لە پشکی گۆڕانیش ئەو دەنگۆیە پشتڕاست دەکاتەوە بەڵام پێدەچێت هەرەس هێنانی دەنگی گۆڕان پێوەندیی بە سەرهەڵدانی حیزبە نوێیەکان وەکوو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و هەروەها بەرەی نەوەی نوێ هەبێت. نەوەی نوێ بە سەرکردایەتیی شاسوار عەبدولواحید 4 کورسیی هێناوە کە دوو کورسی لە سلێمانی و دووی تر لە هەولێر بوو. هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش هەمان دروشمی گۆڕانی گرتە بەر و ئەجینداکەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سیستەمی حکومڕانی فاشیل بوو ئەمانەش دەیسەلمێنێت کە ئەگەر نەوەی نوێ و هاوپەیمانی نەبوونایە بە ئەگەری زۆرەوە گۆڕان کورسییەکانی ئەوانی دەهێنا و دەیتوانی هەمان 9 کورسیی 2014 بە دەست بهێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەش یەکێتی 18 کورسیی هێناوە و ژمارەی کورسییەکانی لە چاو خولی پێشوو کەمی کردووە. یەکگرتووی ئیسلامییش 50 لە سەدی کورسییەکانی خۆی لە دەست داوە. لە لایێکی دیکەشەوە گۆڕان لاواز دەرکەوت بۆ ئەوە نیتوانی لایەنگرەکانی بە شێوازی پێویست بهێنێتە سەر سندووق. مردنی نەوشیروان مستەفا سەرکردە کاریزماتیکەکەی گۆڕانی بێ گومان کارتێکەر بوو لە دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان.
دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان لەکەدار بووە ئەوەش بەو هۆیەوە کە دەنگۆی تەزویر کردن لە هەڵبژاردنی 2018 هاتۆتە ئاراوە. پێویستە بۆ دوبارە بەدەست هێنانەوەی پیگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی دەولی و متمانە کردنی دوبارە بە سیستەمی هەڵبژاردن، ئیدعای بزووتنەوەی گۆڕان و دیکەی حیزبە ئوپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەیێکی وردی بۆ بکرێت. بەوەشەوە ڕێژەی کەمی بەشداری کردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردندا دەلالەتە لە سەر شکستهێنانی گۆڕان و دیکەی حیزبە بچووکەکەانی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر یەکێتی و پارتی کە لە چاو دیکەی حیزبەکانە سیستەمێکی پاڵپشتی کردنی بەهێزتریان لە پشتەوەیە.
لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2018هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێم بەڕێوە دەبات. لاواز دەرکەوتنی حیزبەکان بۆ ڕاکێشانی دەنگی ئەو 52 لە سەدەی لەم خولەدا دەنگیان نەداوە زەنگی مەترسییە بۆ گۆڕان و سەرجەم حیزبەکانی هەرێمی کوردستان. سەرکەوتنی گۆڕانیش و دیکەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستانیش بەستراوە بوەوە کە تا چ ئاستێک بتوانن قەناعەت بەو ڕێژەی 52 لە سەد بهێنن کە بێنە سەر سندووقی دەنگدان.
سەرچاوە: پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشەنتۆن
نووسەری یادداشتەکە: یروان سەعید
وەرگێران لە فارسییەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
لە بەشی "جیهان"ی فارسیی کوردپرێسەوە وەرگیراوە
Your Comment