گۆڕان: ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هاوکاریی یه‌کێتی نه‌کردوووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکرده‌یێکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌بابه‌تی ساخته‌کاری کردن له‌ هه‌ڵبژاردندا پاکانه‌ی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕه‌تی کرده‌وه‌ ده‌ستیان له‌ ساخته‌کارییه‌کاندا هه‌بێت به‌ڵکوو "یه‌کێتی خۆی کردوویه‌تی" و ئێران هیچ جۆره‌ هاوکاریییێکی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نه‌بوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خه‌لیل سه‌رکانی ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ لێدوانێکیدا بۆ باسنیوز ڕه‌تی کرده‌وه‌ ئێران ده‌ستی له‌ ساخته‌کارییه‌کانی هه‌ڵبژاردندا هه‌بێت و گوتی: "ڕاسته‌ یه‌کێتی یه‌کێکه‌ له‌ دۆسته‌کانی ئێران له‌ ناوچه‌که‌دا به‌ڵام لێره‌دا کاره‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ نییه‌ تا ئێران ته‌داخولی بکات و یه‌کێتی خۆی کردوویه‌تی."

ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان ڕوونیشی کرده‌وه‌: "ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی زۆرینه‌یان به‌م ساخته‌کارییه‌یان نه‌زانیوه‌ و پێده‌چێت ته‌نیا یه‌ک دوو که‌سیان به‌ کاره‌که‌یان زانیبێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌زویره‌که‌ خۆیان سه‌رپه‌رشتییان کردوووه‌، ھه‌روه‌ھا له‌ڕێی ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی سندووقی ده‌نگدانی دروست کردوووه‌، ده‌ستکاریی داتا و فلاش میمۆری و شته‌کان کراوه."

ئه‌ندامه‌که‌ی جڤاتی گشتیی گۆڕان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی به‌ ئه‌نجامدانی ساخته‌کارییه‌کان تۆمه‌تبار کرد و گوتی: "ھه‌ندێک ئاماژه‌ی ڕوون ھه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ لێی تێبگه‌یت، با سه‌یری ململانێکانی ناو باڵه‌کانی یه‌کێتی بکه‌ین، ئه‌و کاندیدانه‌ی سه‌ر به‌ باڵی بنه‌ماڵه‌که‌ نین، ده‌رنه‌چوون بۆیه‌ ململانێکانیان ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نییه‌ به‌ڵکوو ململانێیان له‌ناو خۆشیان ھه‌یه‌ بۆیه‌ ته‌سفییه‌ حسابیان له‌گه‌ڵ خۆشیان کردوووه‌ و ئه‌م ھه‌نگاوه‌ بۆ ته‌سفیه‌ حسابه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌ دڵیان نین یان سیاسه‌ت به ‌دڵی ئه‌وان ناکه‌ن و ھه‌نگاوی داھاتووش ڕه‌نگه‌ به‌ جۆرێکی دیکه‌ بێت."

خه‌لیل سه‌رکانی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی که‌ گوایه‌ له‌گه‌ڵ ساخته‌کارییه‌کاندا نین گوتی: "درۆ ده‌که‌ن و ھه‌موویان شانازیی پێوه‌ ده‌که‌ن، من گۆڕانم و ئه‌ندامی جڤاتی گشتیم که‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدام به‌ڵام ئه‌و ساخته‌کارییه‌ گۆڕان بیکردبا، ئه‌وا یه‌ک ده‌قه‌ له‌گه‌ڵی نه‌ده‌مام، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ڕاست ناکه‌ن، باشه‌ خێره‌ حزبێک ١٦ی ئۆکتۆبه‌ری کردبێت، لایێکی لێ جیا بووبێته‌وه‌، خه‌ڵکی برسی کردبێت، ئه‌و ھه‌موو ناشه‌فافییه‌ته‌ی ھه‌بێت، ئه‌و ھه‌موو ماڵوێرانییه‌ی بۆ خه‌ڵک دروست کردبێت، خێره‌ خه‌ڵک ده‌نگی بداتێ، ئه‌م ساخته‌کارییه‌ حاشای لێ ناکرێ و ناشاردرێته‌ وه‌ک ڕۆژی ڕوون ئاشکرایه‌، چوونکه‌ به‌ به‌رچاوی دونیا و خه‌ڵکه‌وه‌یه‌، ساخته‌کارییه‌که‌ش یه‌کێتیی خۆی کردوویه‌تی، له ‌ناو یه‌کێتیشدا ئه‌وانه‌ی کردوویانه‌ له‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست تێناپه‌ڕێن و پێویست ناکات ناویان بھێنم."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14807

Your Comment

You are replying to: .
captcha