لە پیرانشار شوانێک گیانی زیاتر لە 100 کەس ڕزگار دەکات

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- لە گوندێکی پیرانشاری سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لافاوێکی بەهێز دەبێتە هەڕەشە لە سەر دانیشتوانی گوندەکە بەڵام شوانێک کە لە چیای نزیکی گوندەکە دەبێت لافاوە دوومەترییەکە دەبینێت و دانیشتوانی گوندەکە ئاگادار دەکاتەوە و ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس شەوی هەینی لە سەر شەمە 26ی ئایار کاتژمێر 8ی شەو بارانێکی بە لێزمە لە پیرانشار دەستی بە بارین کرد و لافاوێکی بەهێز هەڵسا و بووە هەڕەشە لە سەر گوندی "پسوە" و شاری "گەردەکشانە".

کامیل قوربانی کە شوانێکی خەڵکی گوندی "پسوە" بوو لە چیا مەڕ و ماڵاتی دەلەوەڕاند و ئەو لافاوە بەهێزەی بینی کە بەرەوە گوندەکە دەڕوات هەر بۆیەش بە تەلەفون خێزانەکەی و خەڵکی گوندەکە لەو لافاوە ئاگادار دەکاتەوە و خەڵکی گوندەکە ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن و لە مردن ڕزگار دەبن بەڵام بەهۆی ئەو لافاوە بەهێزەوە 150 ماڵی گوندەکە بە ماڵی کابرای شوانەشەوە خەساریان لێکەوتووە.

بەڕێوەبەرایەتیی ژووری قەیران لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند لافاوەکە زیاتر لە دوو مەتر بەرز بۆتەوە و هەموو شتێکی ڕادەماڵی و ئەگەر بێتوو خەڵکی گوندەکە لە ماڵ بوونایە زیاتر لە سەد کەسی دەکردە قوربانی بەو حاڵەشەوە لافاوەکە زیانی زۆری لە ماڵەکانی ئەو گوندە داوە.

ناوبراو گوتیشی پاش ڕووداوی لافاوەکە دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور نێردرانە ناوچەکە و یارمەتیی سەرەتایی بەخشرا بە لێقۆماوانی گوندی "پسوە"

جەعفەری ڕێژەی زیانەکەی بۆ زیاتر لە 10 ملیار تمەن خەمڵاند و وتی ڕوونکردنەوە لە سەر زیانەکانی ئەو ڕووداوە بەرز دەکەینەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و چاوەڕێی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ قەرەبوو کردنی زیانلێکەوتووان.

شیاوی ئاماژەیە لە ئیدارە پارێزگاریی ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە ستایشی هەڵمەتە مرۆڤدۆستانەکەی ئەو هاووڵاتییە کرد کە دانیشتوانی گوندەکەی لە مەرگ ڕزگار کردبوو هەر بۆیەش تەقی کەهووریان جێگری پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پەیامێکی پێزانینی بۆ کامیل قوربانی (شوانی مەڕوماڵاتەکەی گوندی پسوە) نارد.

News Code 14755

Your Comment

You are replying to: .
captcha