بەپێی هەواڵی کوردپرێس عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمانەیێکی کەناڵی "الجزیرە"دا تیشکی خستە سەر بوونی سەربازیی ئێران لە سووریا و ڕایگەیاند ئەوان لە سەر داوای دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕاوێژکاری سەربازییان هەیە و تا ئەو کاتەش پێویست بێت لەو وڵاتە دەمێننەوە.
سکرتێری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران تیشکی خستە سەر ئەو هێزە سەربازییانەی لە ئێرانەوە نزیکن و وتی حەماسی فەڵەستین لە دڵی گەلی ئەو وڵاتەوە هەڵقوڵیوە و حیزبوڵڵای لوبنان و هاوپەیمانەکانیشی لەم هەڵبژاردنەی دواییدا زیاترین دەنگیان لە وڵاتەکەیاندا مسۆگەر کرد.
شەمخانی باسی حەشدی شەعبیی عێراقیشی کرد و وتی ئەو هێزە پشت ئەستوورە بە دەنگی پەڕلەمانی عێراق و پەڕلەمانتارانیش گەلی عێراق هەڵیانبژرادوون و بەو پێیەش حەشدی شەعبی هێزێکی دەستووری و فەرمیی عێراقییە.
ناوبراو دووپاتی کردەوە کە ئەگەر بڕیار بێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا یەکیان لە هەڵوێستی خۆی پاشگەز ببێتەوە ئەوا دەبێت ئەمریکا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات چوونکە بە نایاسایی لە ڕێککەوتنی مەشرووعی نێودەوڵەتی دەکشێتەوە و نە ڕا و دەنگی دەولیی لا گرینگە نە ڕای گشتیی گەلانی جیهان بە هەند وەردەگرێت.
Your Comment