مەسروور بارزانی: هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێ بکرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای بوودجەی فیدراڵیی عێراق بڵاو كردەوە.

کوردپرێس: لە پەیامەكەدا هاتووە "ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کرد. هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".

هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی كردووە كردووە بۆ "ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بوون. هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان".

لە بەشێكی تری پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لەسەری پێداگیر بووین. ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاری کراوە".

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکوومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە ، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004 ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا . ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات".

لە بەشێكی تری پەیامەكەی مەسروور بارزانیدا هاتووە: "لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لەسەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت. لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکوومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان. تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆتایی پەیامەكەشیدا دەڵێ: "هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1472

Your Comment

You are replying to: .
captcha