بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەریق ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران لە مەڕاسیمی بەرزڕاگرتنی یادی ئازادکرانی خوڕەمشاردا تیشکی خستە سەر توانای مووشەکیی وڵاتەکەی و وتی: "پشت ئەستوورین بە توانای بەرگریی خۆمان و بەوەش پارێزگاری شکۆی خۆمان دەکەین"
وەزیری بەرگریی ئێران جارێکی تر باسی ئەو فڕۆکە ئێرانییەی کرد کە ناڤێکی جەنگیی ئەمریکا خستیە خوارەوە و دووپاتی کردەوە ئەگەر وڵاتەکەی لەو ڕۆژەدا توانای ئێستای هەبوایە ڕێگەی نەدەدا فەرماندەی ئەو ناڤە جەنگییە خەڵات بکرێت چوونکە ئەو ناڤەیان نوقماو دەکرد.
ناوبراو درێژەی پێدا: "ئەمڕۆکە چیتر کەس ناوێرێت بە تەونجەوە بڕوانێتە ئێران چونکە جومگەکانی توانای سەربازی و بەرگریمان دەوڵەمەند کراون و یەک لە پێوەرەکانی بەهێز بوونی دەسەڵاتی سەربازیش ئەوەیە لە ناوچەکەدا جێگە پەنجەمان دیارە."
ئەمیر حاتەمی جەختیشی کردەوە تەنها دوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسراییل دوژمنی ئێرانن و جگە لە چەند سەرکردەیێکی وڵاتانی ناوچەکە کە گوێ لە مشتی ئەمریکان دیکەی وڵاتانی ناوچەکە دۆست و هاوپەیمانی ئێرانن و توانای سەربازی و بەرگریی ئێرانیش خزمەت بە گەلانی ناوچەکە دەکات.
Your Comment