ريفراندۆم زاده‌ى جێبه‌جێ نه‌كردنى ده‌ستوور بوو؛ هه‌رگيز نه‌مانووتووه‌ پێ له‌ به‌غدا ده‌بڕين

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌لا به‌ختيار، لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕیی مه‌كته‌بى سياسیى يه‌كێتیى نيشتيمانیى كوردستان، رايگه‌ياند: ريفراندۆم زاده‌ى جێبه‌جێ نه‌كردنى ده‌ستوور بوو، ئێستاش ده‌چينه‌وه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى دڵنيابين پابه‌ندى به‌ ده‌ستوور ده‌ژيێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ كۆنگره‌يێكى رۆژنامه‌وانيدا، كه‌ له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجاميدا، مه‌لا به‌ختيار گوتى: له‌گه‌ڵ سه‌رۆک كۆمار و شاندى پارتى و باڵێۆزه‌كانى ئێران و توركيا و لايه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى دوازده‌ى مەی كۆ بووينه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێست و ديدى ئه‌وان له‌ باره‌ى هاوپه‌يمانييه‌كانى داهاتوو بزانين".

مەلا بەختیار هه‌روه‌ها گوتى: "مه‌به‌ستمان بوو راى هه‌مووان بزانين بۆ ئه‌وه‌ى يه‌كێتى بتوانێت بڕيارى خۆى بدات له‌ باره‌ى چۆنێتى به‌شداري كردن له‌ حكوومه‌ت، ئه‌مه‌ش پێويستى به‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ند و سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسى هه‌يه‌".

ناوبراو ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد "هه‌وڵ ده‌ده‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين مافه‌ خوراوه‌كانمان دابين بكه‌ين و له‌ پابه‌ندى بۆ ده‌ستوور دڵنيابين، كه‌ ده‌ژيێته‌وه‌، چوونكه‌ هه‌موو حكوومه‌ته‌كان ده‌ستووريان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و حكوومه‌تى به‌ند بژێر بوونه‌ و هه‌ر به‌ندێكى ده‌ستووريان پێ باش بووه‌ جێبه‌جێيان كردووه‌ و به‌ڵام ده‌بێت بزانين به‌غداى دواى هه‌ڵبژاردن به‌غدايێكى تره‌".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى به‌غداش گوتى: "هه‌رگيز ئێمه‌ نه‌مانووتووه‌ پێ له‌ به‌غدا ده‌بڕين و له‌ كاتى ريفراندۆميش وتوومانه‌ كه‌ يه‌كه‌م لايه‌ن دانووستانى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ين به‌غدايه‌".

داواشى له‌و لايه‌نانه‌ كرد كه‌ به‌ نيازن بايكۆتى پرۆسه‌ى سياسیى عێراق بكه‌ن، گوتى: "داوايان لێ ده‌كه‌م پێش ئه‌وه‌ى بڕيار بده‌ن، با سه‌ردانێكى به‌غدا بكه‌ن". ئه‌وه‌شى گوت: "زۆرترين كليلى چاره‌سه‌ر له‌ به‌غداده‌، جوگرافياى سياسى حوكمڕانى فراوان به‌غداده‌ و كوردستان نييه‌".

مه‌لا به‌ختيار گوتيشى: "هه‌موو هه‌وڵێكى خۆمان ده‌ده‌ين كه‌ كه‌مترين لايه‌ن بايكۆت بكات".

سه‌باره‌ت به‌ پرسى سه‌رۆك كۆمارى عێراق و پشكى يه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌، مه‌لا به‌ختيار جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، ئه‌وان وه‌ک يه‌كێتى، به‌ش به‌ش گفتوگۆ ناكه‌ن و گوتى: "بێگومان ئێمه‌ گفتوگۆ تيكه‌ تيكه‌ ناكه‌ين له‌ كوردستاندا، گفتوگۆ به‌ شێوه‌ى پاكێجى له‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كان ده‌كه‌ين له‌گه‌ڵ پارتى و لايه‌نه‌كانى ديكه‌. هه‌موو پرسه‌كان ده‌خه‌ينه‌ سه‌ر مێز، به‌ گشتى هه‌وڵ ده‌ده‌ين هه‌موو ئه‌و جومگانه‌ى

بۆچوونى جياواز له‌ باره‌يانه‌وه‌ هه‌يه‌ رێكده‌كه‌وين. ناچين له‌سه‌ر به‌غدا رێكبكه‌وين و كوردستان دوابخه‌ين و ناچين له‌سه‌ر سه‌رۆک كۆمار رێكبكه‌وين و پرسى سه‌رۆكى هه‌رێم يان سه‌رۆک وه‌زيرانى هه‌رێم يان پرسه‌كانى ديكه‌ى كوردستان هه‌ڵبگرين بۆ گفتوگۆيێكى ديكه‌ و له‌سه‌ر هه‌مووى هه‌وڵ ده‌ده‌ين به‌ شێوه‌يێكى ئارام و به‌رپرسيارانه‌ گفتوگۆ بكه‌ين".

سەرچاوە: کوردستان 24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14674

Your Comment

You are replying to: .
captcha