بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی دادگەی باڵای تورکیا سکاڵانامەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەی ئاراستەی دادگەی دەستووری کرد، دادگاکە بڕیاری لەسەر کەموکوڕبوونی دۆسیەکە داوە و رەوانەی دادگەی باڵای تورکیای کردووەتەوە.
ئەگەر دادگەی باڵای تورکیا کەموکوڕییەکان پڕبکاتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دووبارە لە دادگەی دەستووریدا پرسی داخستنی هەدەپە ببێتەوە جێی باس.
لە ماوەی رابردوودا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە گوشاری زۆری لەسەر ئاک پارتیی هاوپەیمانی کرد بۆئەوەی کار لەسەر داخستنی هەدەپە بکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەست هێنا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment