پاش جه‌لال تاڵه‌بانی پۆستی سه‌رۆک كۆمار پاوانكاری ئه‌و حزب و ئه‌م حزب نییه

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی کرده‌وه‌ ئه‌و حیزبه‌ پێشتر ته‌نیا له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق پشتیوانی ده‌کرد و له‌ قۆناغی ئێستادا ئه‌و پۆسته‌ پاوانکاری ئه‌و حزب و ئه‌م حزب نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵ کوردپرێس، فازڵ میرانی که‌ وه‌کوو سه‌رۆکی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ به‌ کوردستان 24ی وت: ئه‌و وه‌فده‌ له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆ له‌باره‌ی پێكھێنانی حكوومه‌تی داھاتووی عێراق و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌ سیادییه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و ڤیتۆیان له‌سه‌ر ھیچ که‌سێک نییه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق.

فازڵ میرانی ڕای‌گه‌یاند: "وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ کورد گرنگه‌ چوونكه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی نوێنه‌رایه‌تی عێراق ده‌كات".

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو: "دانانی سه‌رۆک كۆمار به‌ ڕێككه‌وتنی كورد و عه‌ره‌ب ده‌بێت و نازانرێت كێ ده‌بێت، له‌ خوله‌كانی پێشووتر مه‌سعوود بارزانی پێداگری ده‌كرد له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ی مام جه‌لال و دوای ئه‌وه‌ مام جه‌لال به‌ بارزانی گوتبووی ده‌مزانی منت خۆش ده‌وێت به‌ڵام نه‌مده‌زانی به‌و ڕاده‌یه‌ به‌رگریت لێكردووم ئێستا مام جه‌لالێک نییه‌ تا به‌و شێوه‌یه‌ به‌رگری لێ بكه‌ینه‌وه‌".

فازڵ میرانی جه‌ختی كرده‌وه‌: "پارتی له‌ كوردستان و عێراق ڤیتۆی له‌سه‌ر كه‌س نییه‌ به‌ڵام پۆستی سه‌رۆک كۆماریش پاوانكاری ئه‌و حزب و ئه‌م حزب نییه‌ و ھی كوردیش نییه‌ به‌ ته‌نیا، ھه‌ر كه‌سێک له‌ كوردستان ببێت به‌ سه‌رۆک كۆمار به‌ نوێنه‌رانی ھه‌موو كوردستان ده‌چێته‌ به‌غدا".

میرانی سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌ دوای ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كرد: "دانیشتێک له ‌نێوان نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی و شاندێكی یه‌كێتی ھه‌بوووه‌ بۆ تاوتوێ كردنی دۆخه‌كه‌".

فازڵ میرانی ئاشكراشی كرد: "دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی پارتی له‌ به‌غدا ڕه‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌ له نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌نجام بدرێت و ئێمه‌ پێمان باشه‌ نه‌ک ھه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ھه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆ ببینه‌وه.‌"

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14601

Your Comment

You are replying to: .
captcha