بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە یانەی ڤاڵدای سیاسی لە مۆسکۆ پڕۆژە نوێکەی دەستووری سووریا -کە رووسیا پێشنیازی کردبوو- تاوتوێ کرا، بەتایبەت ئەرک و مافی کورد بەپێی ئەو پڕۆژە دەستوورییە.
ڤیتالی ناومکین، وەک یەکێک لە کاراکتەرەکانی رووسیا پەیوەست بە پرسی سووریا لەو پانێڵەدا رایگەیاند، رووسیا ئێستا هەوڵ دەدات کوردانی رۆژئاوا و حکوومەتی بەشار ئەسەد لەیەکدی نزیک بکاتەوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی دەستووری نوێی سووریا، رووسیا پێشنیازی ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان کردووە.
ڤیتالی ناومکین گوتی "پێم وایە رووسیا پشتیوانی لە ئۆتۆنۆمی دەکات بۆ کوردی سووریا، لەو رەشنووسە دەستوورییەش ئەوەی دووپات کردووەتەوە بەڵام بەو مەرجەی بە رەزامەندیی دەسەڵاتی فیدراڵی بێت لەو دەوڵەتەی کە فیدراڵییەکەی تێدا دەبێت و پێویستە خۆیان بڕیار بدەن کە ئەو ئۆتۆنۆمییە چۆن دەبێت. پێویستە بەڕاستی لەو بابەتە تێبگەین رووسیا کەس ناچار ناکات بڕیار بدات، ئێمە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی کار دەکەین - کە لە سووریا حکوومەتی دیمەشقە و سەرۆکەکەی بەشار ئەسەدە- ئێمە تەنیا پێشنیازی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دەکەین، بەڵام ئێمە ناڵێین پشتگیریی لایەنێکی دیاریکراو دەکەین".
نزیکەی ساڵ و نیوێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو رەشنووسە دەستوورییەی کە رووسیا پێشنیازی کردووە ببێتە دەستووری داهاتووی سووریا، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچی لێ سەوز نەبووە و هەموو لایەنەکان بە حکوومەتی بەشار ئەسەدیشەوە لە رابردوودا تێبینیی زۆریان لەسەری هەبوو.
Your Comment