پارتی داوای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی عێراق ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارتی دیموكراتی كوردستان داوای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی عێراق ده‌كات ‌و ئه‌وه‌شی وه‌ک پێشمه‌رجی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌ت داناوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكرات له‌ میانی لێدوانێكیدا ڕای‌گه‌یاند: پارته‌كه‌ی به‌پێی ده‌ستوور داوای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی عێراق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ببێته‌ مه‌رجه‌عی هه‌موو پێكهاته‌كان.

فازڵ میرانی ڕاشی‌گه‌یاند كه‌ پارتی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی وه‌ک پێشمه‌رجێک داناوه‌ بۆ گفتوگۆكانی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو.

قسه‌كانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی پێش سه‌ردانێكی بوو بۆ به‌غدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێ‌شه‌ممه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی حیزبه‌كه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات‌و ئامانجیش له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ گفتوگۆ كردنه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.

فازڵ میرانی له‌باره‌ی ئه‌و پۆسته‌ سیادییه‌ی كورد له ‌عێراقی داهاتوو داوای ده‌كات زیادی کرد: كورد پۆستی سه‌رۆک كۆماری ده‌وێت كه‌ ئه‌و پۆسته‌ پۆستێكی بێ‌‌ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ڵام پێناسه‌ی عێراقه‌‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و پۆسته‌ به ‌ده‌ست كورده‌وه‌ بێت.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14555

Your Comment

You are replying to: .
captcha