حیزبی شین فینی ئیرله‌ند ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی تورکیا هه‌مبه‌ر کورد ده‌گرێت

به‌شی جیهان- پۆل ماسکی په‌رله‌مانتاری حیزبی شین فینی ئیرله‌ند ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی تورکیا هه‌مبه‌ر کورد ده‌گریت و ده‌ڵێت: سه‌رکوت کردنی لایه‌نگرانی کورد و ئۆپۆزیسیۆن له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه‌ قبووڵ ناکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پۆل ماسکی په‌رله‌مانتاری حیزبی شین فینی ئیرله‌ند به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌کانی تورکیا هه‌مبه‌ر کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ ده‌گرێت.

ناوبراو ده‌شڵێت: حیزبی شین فین ڕه‌فتاری تورکیا هه‌مبه‌ر نوێنه‌رانی زیندانی‌کراوی کورد و ئۆپۆزیسیۆن به‌ توندی سه‌رکۆنه‌ ده‌کات که‌ له‌ ناو به‌ندێکی قه‌ره‌باڵغدا ده‌هێڵدرێنه‌وه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌کرێن.

پۆل ماسکی وتیشی: نیگه‌رانیی سه‌ره‌کیی حیزبه‌که‌ی ئێمه‌ له‌باره‌ی هه‌وڵدان بۆ سه‌رکوت‌کردنی حیزبی کوردیی HDP و نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و حیزبه‌یه‌. بێگومان کاره‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا دژه‌دیموکراتیک و نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌.

حه‌فته‌ی ڕابردوو نوێنه‌رانی حیزبی شین فینی ئیرله‌ند له‌ به‌رده‌م نووسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا و له‌ کاتی پێشوازیی ناوبراو له‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا کۆ بوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانیی خۆیان له‌ مافی مرۆڤ، داد و دیموکراسی ڕابگه‌یێنن.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی حیزبی شین فینی ئیرله‌ند

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14529

Your Comment

You are replying to: .
captcha